پەرلەمانتارێك بۆ هاوڵاتیان: پارەی سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو مەدەن
  2021-09-04       461       

عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان داوا لەو هاوڵاتیانە دەكات كە پارەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاویان بۆ هاتۆتەوە، ئەو پارەیە نەدەن، چونكە بە قسەی ئەو "سزاکە پاڵپشت نییە بە یاسا."

ئاوێنە: عومەر گوڵپی، ئەمڕۆ شەممە، لە رونكردنەوەیەكدا بۆ ئەو هاوڵاتیانەی كە پارەی سزای نەبەستینی پێوەری ئاویان بۆ هاتۆتەوە، رایگەیاند"داوا لە هاوڵاتیان دەکەم سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو نەدەن، چونکە سزاکە پاڵپشت نییە بە یاسا، بێجگە لەو تێبینی‌‌و کەموکورتیانەى لە پرۆسەکەدا هەن، تا ئەو کاتەی‌ حکومەت یاسای‌ ژمارە 4ی‌ ساڵی‌ 2021 جێبەجێ دەکات."

رونیشیكردۆتەوە كە ئەو یاسایە "تازە دەرچوەو پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی‌ نوێی‌ بۆ دەربکەن بۆ جێبەجێکردنى، هەروەها لە کاتى دەرکردنى ڕێنماییشدا پێویستە ڕەچاوی‌ تێبینی‌‌و کەموکورتیەکانی‌ پێوەرەکەو سکاڵاى هاوڵاتیان بکرێت، هەروەها ڕەچاوى دۆخی‌ خراپی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ ژمارەیەک شارو شارۆچکە بکرێت."

ئەو پەرلەمانتارە داواشی سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران‌و وەزارەتی‌ شارەوانی‌‌و گەشتوگوزار كردوە كە "کارکردن بە ڕێنماییەکە ڕاگرن‌و سزای‌ هیچ هاوڵاتییەك نەدەن و لە برى ئەوە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان راسپێرن بە وەڵامدانەوەى کێشەو گرفتەکانى هاوڵاتیان لە دابینکرنى ئاوى خواردنەوەو چاککردنى گرفتە یاسایى و تەکنیکیەکانى پێوەرەکە."

عومەر گوڵپی هاوڵاتیانیشی دڵنیاكردۆتەوە كە رێکارى پەرلەمانى و یاسایى بۆ ناوەڕۆکى ئەم رونکردنەوەیە دەگرنەبەر.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×