یه‌كێتیی: وته‌كانی ئاڵدار خه‌لیل دەستوەردانێکی قبوڵنەکراون لەکاروباری ناوخۆی حزبه‌کەمان
  2021-09-04       1057       

مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی بڵاویکردەوە، نیگەرانن لە لێدوانێکی ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی PYD کە وتەکانی دەستوەردانێکی "قبوڵنەکراون لەکاروباری ناوخۆی یەکێتی و حزبه‌کەمان هیچ کاتێک گۆڕانكاری له‌ هه‌ڵوێسته‌ ستراتیژییه‌كانی و بینینه‌ نیشتنمانییه‌ ده‌سته‌جه‌معییه‌كانیدا رووینەداوە".

لەراگەیەنراوێکدا کەمیدیای فەرمی یەکێتی بەناوی سەرچاوەیەک لە مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی حزبەکەیەوە بڵاویکردوەتەوە باس لەوەشکراوە، "به‌نیگه‌رانی و سه‌رسوڕمانێكی زۆره‌وه‌ گوێبستی لێدوانی ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی PYD بووین كه‌چه‌ند وته‌یه‌كی نه‌شیاوی ئاراِسته‌ی (ی.ن.ك) كردووه‌ و ده‌ستوه‌ردانێكی قبوڵنه‌كراوه‌ له‌ كاروباری ناوخۆی یه‌كێتی كه‌ ھه‌موو لایه‌ك به‌ حزبه‌كه‌ی ناوبراویشه‌وه‌ ده‌زانێت چه‌ند قوربانی و هاریكاری پێشكه‌شكردوون، هه‌رچه‌نده‌ منه‌ت له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ پشتیوانی دۆزی گه‌له‌كه‌مان له‌رۆژئاوا و ته‌واوی كوردستان بكه‌ین و ئه‌وه‌ش درێژه‌دانه‌ به‌و پره‌نسیپانه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال دارێژه‌رییه‌تی".

ئەوەش هاتووە، "ئاماژه‌كانی به‌ڕێز ئاڵدار خه‌لیل و تانه‌ شاراوه‌كانی له‌باره‌ی گومانكردن له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی (ی.ن.ك) ئاماژه‌یه‌كی ناڕه‌وا و بێ ئاست  و نه‌گونجاون. یه‌كێتی ئه‌و حزبه‌ نییه‌ گۆڕانكاری له‌ هه‌ڵوێسته‌ ستراتیژییه‌كانی و بینینه‌ نیشتنمانییه‌ ده‌سته‌جه‌معییه‌كانی رووبدات به‌پێی تێڕوانینی فه‌ردی یان به‌هۆی فشاری هه‌رێمایه‌تییه‌وه‌".

سه‌رچاوه‌کەی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یەکێتی داوای لەبەرپرسانی پەیەدە کردوە "له‌ جێی ده‌ربڕینی ئه‌و هه‌لۆێسته‌ شه‌رمه‌زاری  و ناڕاست و دنه‌ده‌رانه‌ی نه‌ پێش و نه‌ دوامان ده‌خات، باشتره‌ به‌رێز ئاڵدار خه‌لیل و پارتی یه‌كێتی دیموكراتی هه‌وڵ و هێزیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفت و ئاڵنگارییه‌ زۆرانه‌ی به‌رده‌م گه‌له‌كه‌مان و ناوچه‌ كوردییه‌كانی سوریادایه‌ و ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی پارته‌ كوردستانییه‌كانی تردا نه‌كات."

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بەئاژانسی هاوارنیوزی راگەیاند، هۆکاری سەرەکی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان "دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانەکانی تورکیا، چونکە ئەوان دەیانەوێت هێزی سەربەخۆیان (سەر بە تورکیا) دروستبکەن، ئامانجیشیان ئەوەیە جوڵانەوەی کوردی بەئامانج بگرن و لەناوی بەرن، بۆ نمونە سیاسەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کەپشتیوانیکردن بوو لە جوڵانەوەی کورد و ئەوەش نەدەگونجا لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغان، بۆیە هەستان بە ئەنجامدانی کودەتایەکی ناوخۆیی و دروستکردنی ئاژاوەی ناوخۆیی لەناو حزبەکەدا".

ئاماژەی بەوەشکردوە، تورکیا لەکێشەکانی ناوخۆی یەکێتیدا هەوڵدەدات پشتیوانی لایەنێک بکات لەسەر حسابی لایەنێکی دیکە، "کە ئەوەش هەڵەیە و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی دەبێت سەرکردەکانی ئەو حزبە خۆیان مامەڵەی تێدابکەن و چارەسەری بکەن، ئێمەش وەک پەیەدە نامانەوێت دەستوەردان بکەین لەم بابەتەدا بەڵام دڵنییاین دەستوەردانی تورکیا وایکردووە چارەسەری کێشەکان ئاڵۆزتربن و کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆوە چارەسەر نەکرێن، هەروەها تورکیا کاردەکات بۆ بەگژداچوونی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکانی کوردستان و پێکدادانی نێوانیان".

سەبارەت بە پەیوەندی پارتی و تورکیاش ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بەوەکردوە، "پارتی بۆ فرۆشتنی نەوت و بازرگانی لەگەڵ ئەوروپا پێویستی بە تورکیایە، بۆیە کارەکانی ئەو حزبە بەرەزامەندی تورکیا ئەنجام دەدرێن و بەخواستی تورکیا دەجوڵێتەوە، دەشزانین تورکیا بەرژەوەندی نەتەوەیی ئێمەی ناوێت، پارتی لەچەندین وێستگەکەدا زیانی بە بەرژەوەندییەکانی کورد گەیاندووە لەوانەش نەپاراستنی ئێزدییەکان و شەڕ دژی گەریلا کە بەخواستی تورکیا مامەڵە دەکات، هەروەها لەرۆژئاوای کوردستان و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیش تورکیا رێگریکرد لەگەیشتنە ئەنجامی گفتوگۆکان".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×