نزیكەی 103 تۆن كاڵای خراپ بوو دەستیبەسەردا گیراوە
  2021-09-05       272       
قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری كاروچالاكیەكانی مانگی ڕابردووی لیژنە هاوبەشەكان بڵاوكردەوە كە زیاتر لە حەوت هەزار سەردانیان ئەنجام داوە و دەستیشیان بەسەر (102) تۆن كاڵاوشمەكی خراپ و ماوەبەسەرچوودا گرتووە‌.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەك شەممە‌ 5-9-2021 قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری كاروچالاكی لیژنە هاوبەشە‌كان بڵاوكردەوە‌ و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، 7 هەزار و 11 سەردانیان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنە ‌گشتییەكان ئەنجامداوە.

ئاشكراشیدەكات، لەو بەسەركردنەوانەدا پسوڵەی سەرپێچییان بۆ (836) شوێن تۆماركردووە، كە بەشێكی زۆری سەرپێچییەكان كەمتەرخەمی خاوەنی شوێنەكان بووە، نەك چاوچنۆكی بەدەستهێنان پارە بەشێوەی نایاسایی، هەروەها (854) شوێنیشیان ئاگادار كردوەتەوە.

لەئامارەكەدا هاتووە، بەهۆی جێبەجێنەكردنی ‌ڕێنماییەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و مەرجەكانی دیكەی كاركردن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی (35) شوێن داخراوە و حەوت شوێنیشیان ڕووبەڕوِوی دادگا كردوەتەوە.

جەخت لەوەش دەكاتەوە، لە مانگی ڕابردودا و لەئە‌نجامی پشكنیینە بەردەوامەكانیان، لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی توانیویانە دەست بەسەر (102.962) تۆن كاڵاوشمەك و خواردەمەنی خراپدا بگرن‌ و لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە لەدەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبون لەناوبرێت، هەروەها بەهۆی سەرپێچی شوێنەكان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڕێك پارە غرامەی خاوەن شوێنەكانی كردووە، كە ‌بڕەكەی لەمانگی هەشتدا بریتییە لە (63) ملیۆن و (195) هەزار دینارە‌ و بەپێی یاسا دەخرێتەوە سەرداهاتی گشتی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×