"دوای رێگریکردن بۆ بینینی کوڕەکەی، دایکی یەكێك لەزیندانیانی بادینان کۆچی دوایی کرد"
  2021-09-05       1344       

ئەمڕۆ یەكشەممە، ناهیدە مەلا یەحیا، دایكی مامۆستا شێروان تەھا سلێڤانەیی، یەكێك لە زیندانیكراوانی بادینان، كۆچی دوایی كرد، بەپێی قسەی ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان، ناهیدەی 56 ساڵان، كە هیچ نەخۆشییەكی نەبوە، دوای ئەوەی دوێنێ چوەتە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر، لەلایەن ئاسایشەوە رێگەیان نەداوە كوڕەكەی ببینێت و ئەمڕۆ دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر توشی جەڵتەی دڵ دەبێت و بەو حەسرەتە کۆچی دوایی دەكات.

ئاوێنە: ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"دوێنێ شەممە، بە مەبەستی بینی کوڕەکەی ناھیدە مەلا یەحیا، دایکی مامۆستا شێروان تەھا سلێڤانەیی چوە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر، زۆر پاڕایەوە تەنیا بۆ یەک خولەک چاوی بە کوڕە بێ تاوانەکەی بکەوێ و دوای 10 مانگ لە رفاندنی باوەشێکی بکات، بەڵام بە داخەوە ئاسایشی پارتی بە چەکەوەو بێ بەزەییانەو بەعس ئاسا دایکە جگەر سوتاوەکەیان دورخستەوەو نەیانھێشت چاوی پێبکەوێ."

ئەیهان وتوشیەتی"دوای ئەوەی بەو دەردە دایکە ناھیدە کە تەمەنی 56 ساڵ بو و ھیچ نەخوشیەکی نییە گەڕاوەتە ماڵەوە لە دھۆک، خەوی لێناکەوێ ھەر دەڵێ نەیانھێشت کوڕە نازدارەکەم ببینم، ئەمڕۆ و دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر توشی جەڵتەی دڵ دەبێت و بەو حەسرەتە کۆچی دوایی دەکات و گیانی پاکی بە خوا دەسپێرێت."

نوێنەری زیندانیانی بادینان ئاماژەی بەوەشداوە كە "شێروان تەھا سلێڤانەیی مامۆستایەکی خەمخوری بادینانە، پار ساڵ لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە لایەن ھێزە ئەمنەکانەوە لە دھۆک دەڕفێنرێت، ساڵێکە بێ پارێزەرو سەردان لە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێردا بێ دادگا ئەشکەنجەی دەرونی دەدرێت، ئەمە لە کاتێکدایە مامۆستا شێروان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی ئەمریکا کاردەکات و بەشدارێکی فەرمی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی دامەزراوە ئەمریکیەکان و پێشتر لەو وڵاتە بوە. بەتومەتی ناڕەواو سیخۆری بۆ ئەو وڵاتە تاوانبارکراوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "مامۆستا شێروان وەک زیندانیەکانی دیکەی بادینان لەسەر داوای ماف و ئازادی خەڵک زیندانیکراوە و بێ تاوانە، پێویستە گشت لایەنێک و بە تایبەتی ئەمریکا بێتە سەر خەت، جونکە سوبەینێ ٦/٩/٢٠٢١ دادگاییکردنی ئەو مامۆستایەو چوار چالکوانی دیکە لە دادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوەدەچێت."

ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە كە "دۆخی زیندانیان خراپە"و وتوشیەتی"پێشتریش باوکی شێروان شێروانی و برای مامۆستا بەدەل بەرواری بە حەسرەت بینینی کور و براکانی کۆچی دواییان کرد، باوکی بەندەوەر ئەیوبی و دایکی مامۆستا شڤان سەعید بەروشکی توشی جەڵدەی دڵ بون، دۆخی تەندروستی باوکی گوھدار زێباریش تێکچوە."

بڕیارە سبەی دوشەممە دادگاییكردنی شێروان تەھا سلێڤانەیی لە دادگای تاوانەكانی دوی هەولێر بەڕێوەبچێت.

ئەیهان وتویەتی"ئەم زوڵمەی لە زیندانیانی بادینان دەکرێت پرسێکی گشتییە دەبێت لایەنگری ھەمو لایەنەکان و سەربەخۆ و رێکخراوەکان، سبەینێ کاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانی ھەمو لایەک لە دادگای ھەولێر ئامادەبن."

دەقی راگەیەندراوەكە...

مردنێکی تراژیدی بەدەست ئاسایش!

دوای رێگێریکردن بۆ بینینی کورەکەی دایکی شێروانی زیندانی بادینان کۆچی دوایی کرد

دوێنێ بە مەبەستی بینی کورەکەی ناھدە مەلا یەحیا دایکی مامۆستا شێروان تەھا سلێڤانەی چوە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر، زۆر پارایەوە تەنیا بۆ یەک خولەک چاوی بە کورە بێ تاوانەکەی بکەوێ و دوای ١٠ مانگ لە رفاندنی باوەشێکی بکات، بەڵام بە داخەوە ئاسایشی پارتی بە چەکەوە و بێ بەزەییانەو بەعس ئاسا دایکە جگەر سوتاوەکە دوریان خستەوە و نەیان ھێشت چاوی پێبکەوێ.

دوای ئەوەی بەو دەردە دایکە ناھیدە کە تەمەنی ٥٦ ساڵ بوو و ھیچ نەخوشیەکی نیە گەڕاوەتە ماڵەوە لە دھۆک، خەوی لێناکەوێ ھەر دەڵێ نەیان ھێشت کورە نازدارەکەم ببینم، ئەمرۆ و دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر توشی جەڵتەی دڵ دەبێت و بەو حەسرەتە کۆچی دوایی دەکات و گیانی پاکی بە خوا دەسپێرێت.

شێروان تەھا سلێڤانەی مامۆستایەکی خەمخوری بادینانە، پار ساڵ لە رۆژێکی وەک ئەمرۆدا لە لایەن ھێزە ئەمنەکانەوە لە دھۆک دە رفێنرێت، ساڵێکە بێ پارێزەر و مواجھە لە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێردا بێ دادگا ئەشکەنجەی دەرونی دەدرێت، ئەمە لە کاتێکدایە مامۆستا شێروان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی ئەمریکا کاردەکات و بەشدارێکی فەرمی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی دامەزراوە ئەمریکیەکان و پێشتر لەو وڵاتە بوە. بە تومەتی نارەوا و سیخۆری بۆ ئەو وڵاتە تاوانبارکراوە.

مامۆستا شێروان وەک زیندانیەکانی دیکەی بادینان لەسەر داوای ماف و ئازادی خەڵک زیندانیکراوە و بێ تاوانە، پێویست گشت لایەنێک و بە تایبەتی ئەمریکا بێتە سەر خەت، جونکە سوبەینێ ٦/٩/٢٠٢١ دادگاییکردنی ئەو مامۆستایەو چوار چالکوانی دیکە لە دادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوەدەچێت.

دوخی زیندانیان خراپە و پێشتریش باوکی شێروان شێروانی و برای مامحستا بەدەل بەرواری بە حەسرەت بینینی کور و براکانی کۆچی دواییان کرد، باوکی بەندەوەر ئەیوبی و دایکی مامۆستا شڤان سەعید بەروشکی توشی جەڵدەی دڵ بوون، دوخی تەندروستی باوکی گوھدار زێباریش تێکچوە، ئەم زوڵمە لە زیندانیانی بادینان دەکرێت پرسێکی گشتی یە دەبێت لایەنگری ھەموو لایەنەکان و سەربەخۆ و رێکخراوەکان، سوبەینێ کاتژمێر ٩:٣٠ بەیانی ھەموو لایەک لە دادگای ھەولێر ئامادەبێت.

ئازادی بۆ مێرخاس و زیندانییە سیاسییە بێ تاوانەکانی بادینان

ئەیھان سەعید - نوێنەری زیندانیانی بادینان
٥ی ئەیلولی ٢٠٢١

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×