ئێران داوا له‌خه‌ڵكى هه‌رێم ده‌كات دوربكه‌ونه‌وه‌.. هێرشده‌كاته‌سه‌ر حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات
  2021-09-06       1269       
فەرماندەی هێزی وشكانى سوپاى پاسدارانى ئێران په‌یامێكى هۆشداریی ئاراسته‌ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى نزیكن له‌بنكه‌و باره‌گاكانى هێزه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان‌و نایشارێته‌وه‌ به‌نیازى هێرشى سه‌ر هێزه‌ كوردیه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتن.

به‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى ئاژانسى فارس، محەمەد پاکپور فەرماندەی هێزی وشكانى سوپای پاسدارانى كۆمارى ئیسلامى ئێران ڕایگه‌یاندوه‌، "پێویسته‌ خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان كه‌ نزیكن له‌بنكه‌و باره‌گاكانى حزبه‌ كوردیه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان دوربكه‌ونه‌وه‌، چونكه‌ وه‌ڵامێكى توندیان ده‌ده‌ینه‌وه‌".

وته‌كانى فه‌رمانده‌ باڵاكه‌ى ئێران له‌كاتێكدایه‌، كه‌ سه‌ردانى پایه‌گاى هێزه‌كانى خۆیانى كرد له‌سنورى نێوان (عێراق ـ ئێران)‌و جه‌ختیكرده‌وه‌، "وه‌ڵامى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌مان بۆ ئه‌و هێزانه‌ ده‌بێت كه‌ له‌هه‌رێمى كوردستانن".

په‌یامى فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌كه‌ى ئێران له‌كاتێكدایه‌، ئه‌و وڵاته‌ دووجار هێرشى قورسى كردۆته‌سه‌ر حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان‌و هه‌ردوو جاره‌كه‌ش بۆسه‌ر حزبى دیموكراتى كوردستان بوه‌، جارێكیان ساڵى ساڵی 1996و ئه‌وى تریان ساڵى 2018 بوو كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌و حزبه‌ى له‌قه‌ڵاى كۆیه‌ كرده‌ ئامانج‌و به‌خوێناویترین هێرش بۆسه‌ر حزبی دیموكرات داده‌نرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×