سەعدی پیرە: ناوهێنانی کاندیدی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بازاڕ گەرم کردنە
  2021-09-06       923       

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، لە بەرامبەر پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا، یەکێتی چاوی لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقە، جەخت لەوەشدەکاتەوە، ئەو ناوانەی بۆ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران باسیان لێوەدەکرێت، بۆ بازاڕ گەرم کردنە.

ئاوێنە: سەعدی پیرە، ئەمڕۆ دوشەممە، بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای رایگەیاند "عێراق و هەرێم وەزعیان باش بێت یان نا، هەڵبژاردنی عێراق گرنگە و وەڵامدانەوەی خواستی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریرە، چونکە خەڵک بڕوای بەم پەرلەمانە نییە، کە بەشێوەیەکی نادروست لەلایەن کۆمیسیۆنێکی نادروستەوە هەڵبژێردراوە."

وتیشی"عێراق هەر کێشەیەکی هەبێت، هەر تەیارێکی شیعەش ناڕازی بێت، ناکرێت هەڵبژاردن دوابخرێت، کە پەیوەندی بە قوڵکردنەوەی دیموکراسیەوە هەیە، هەنگاوێکی دروستیشە بە ئاراستەی دامەزراندی عێراقێکی دیموکراسی فرە حیزبی دیموکراسی."

سەبارەت بەوەی مەبەستی چیە لەبەکارهێنانی دەستەواژەی "هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نادروست لەلایەن کۆمیسیۆنێکی نادروست"، سەعدی پیرە وتی"خۆپیشاندەرانی گۆڕپانی تەحریر، کوردو سوننە نەبون، بەڵکو شیعە بون لە دژی شیعە، پێیانوابو کۆمیسیۆن نوێنەری حیزبەکانە، هەڵبژاردنیش تەزویری تێدا کراوە و حیزبەکان شایستەی ئەو کورسیانە نین کە هێناویانە، بۆیە داوایانکرد هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ڕێگەی کۆمیسیۆنێکی تازەوە بکرێت."

پێشتر میدیا عەرەبیەکان ناوی ژمارەیەک سەرکردەی شیعەیان بڵاوکردەوە، گوایە لایەنە شیعەکان گفتوگۆ لەسەر دەستنیشانکردنی یەکێکیان دەکەن تا ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق و لەنێو ناوەکاندا، هەریەک لە (مستەفا کازمی، نوری مالکی، قاسم ئەعرەجی، عەدنان زورفی، محەمەد شیاع سودانی) تێدابو، لەو بارەیەوە سەعدی پیرە وتی"ئەو قسانە حیکایەتی نادروستن، خۆ سەرۆک وەزیران لەگەڵ باران نایەت، غەیر دەنگی زۆرینەی ناو پەرلەمان بهێنێ، هاوپەیمانی و دەنگ زۆر بەدەستهێنان، کورسی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق دەستنیشان دەکات."

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی لایە، لە ئێستاوە جگە لە بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق، ناوی چەند سەرکردەیەکی تریشی دەهێنرێت، بەوەی چانسی کاندیدکردنیان بۆ ئەو پۆستە هەیە، کە هەریەک لە مەلا بەختیار و عەدنان موفتی ناویان دەهێنرێت، بەڵام سەعدی پیرە وتی"ئەو ناوانە هەریەکەو لەلایەکەوە باسیان دەکرێت،لایەک یەکێکی خۆش دەوێت و ناوی دەبات، لایەکی تر، ئەوی خۆش ناوێت و باسی یەکێکی تر دەکات، تائێستا یەکێتی کاندیدی ئەو پۆستەی ساغ نەکردوەتەوە، باسکردنی ئەو مەسەلە لە ئێستادا بۆ بازاڕ گەرم کردنە، یەکێتی کادیری زۆرە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هەر لە کاک دکتۆر بەرهەمەوە تا خەڵکی تر، با هەڵبژاردن تەواو بێت، ئینجا یەکێتی کاندید دیاری دەکات."

لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ئاماژەی بەوەکرد پشکی کورد لە سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم گرێدراوی یەکن، بۆیە یەکێتی چاوەڕوانی بەدەست هێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×