هەڵوێستی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرامبەر هەڕەشەكانی سوپای پاسداران
  2021-09-06       877       

دوای هەڕەشەكانی ئەمڕۆ(دوشەممە)ی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ هێرشكردنە سەر بنكەو بارەگاكانیان لەنێو خاكی هەرێمی كوردستان، ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات، دژی ئەو هەڕەشانەی تاران بوەستنەوە.

ئاوێنە: ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەو شوێنانەی کە ئێران هەڕەشەی کردنە ئامانجیان دەکات، شوێنی ژیانی پەنابەرانی سیاسی و خەڵکی مەدەنین و سەدان ژن و منداڵی پەنابەر، کە بەهۆی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتی ئێران خاک و وڵاتی خۆیان جێهێشتوە، لێیان دەژین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەوەشی وتوە، چالاکیی سیاسی حیزبەکان و بونی خەباتکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بیانویەکە، کە کۆماری ئیسلامی بۆ کاولکاری و دەستێوەردانی زیاتر دەیگرێت و دەیەوێ بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی ناوچەکەو دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاران، قەیرانێکی دیکە بخوڵقێنێت.

ناوەندەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو هەڕەشانە کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی حزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری نابێت، کە لە حزبی دیموکراتی کوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێکهاتوە.

ناوەندی هاوکاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران داوای لە خەڵکی کوردستان و هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان كردوە، سنورێک بۆ "زیادەڕۆییەکانی ئێران" دابنێن و دژی ئەو هەڕەشەیە بوەستنەوە.

راگەیەندراوەكەی ناوەندەكە دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ دوشەممە، سوپای پاسداران هەڕەشەی كردنە ئامانجی بنكەو بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی كرد لەنێو خاكی هەرێمی كوردستان.

محەممەد پاکپور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چالاکیی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی، بەڵام هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە، بۆیە دانبەخۆداگرتنی سوپاش کۆتایی هاتوە.

فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران وتیشی، کۆماری ئیسلامی وەڵامێکی توندی ئەو چالاکییانە دەداتەوە و داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، لە بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبانە دور بکەونەوە تاوەکو زیانیان پێنەگات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×