پێشبینی بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان
  2021-09-06       1449       

شارەزایەكی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت بۆ وەرزی باران بارینی ئەمساڵ مەترسی وشكەساڵی لەسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دروست نەبێتەوەو ساڵێكی ئاسایی بێت و بڕی پێویست باران ببارێت بەتایبەت لە نیوەی دوەمی وەرزی زستان و وەرزی بەهاردا.

ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای كەشوهەوای هەرێمی كوردستان، دوایین پێشبینی و گۆڕانكارییەكانی سەبارەت بە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان خستۆتەڕو.

ئاماژەی بەوەداوە كە لە قۆناغی یەکەم، واتە لەسەرەتای وەرزی پاییزەوە تا نیوەی یەکەمی وەرزی زستان، بەشێوەیەکی گشتی ئاستی بارانبارین لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە خوار تێکڕای ئاسایی خۆیەوە دەبێت و زیاتر وشکی و کاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆکان زاڵدەبێت بەسەر کەشی ناوچەکەدا بەراورد بە نزمە پاڵەپەستۆ باراناوییەکان و نایەکسانی لە دابەشبونی بارانبارین لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكەی هەرێم دروست دەبێت.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە قۆناغی دوەم، واتە لەنیوەی دوەمی وەرزی زستانەوە بۆ کۆتایی مانگەکانی وەرزی بەھار کاریگەرییەکانی گۆرانکارییەکان جیاواز دەبن و بەشێوەیەکی گشتی تێکڕای بارانبارین لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ تێکڕای ئاسایی خۆی و مەترسیەکانی وشکی قۆناغی یەکەم کەمدەبێتەوە لەسەر ناوچەکەو تیایدا کاریگەری ماوەی بەرزە پاڵەپەستۆیەکان کورت دەبێتەوەو نزمەپاڵەپەستۆ باراناوییەکان باڵادەست ئەبنەوە.

ئەو شارەزایەی كەشوهەوای هەرێم وتوشیەتی"لە کۆتاییدا ئەمساڵ پشتیوان بەخودا مەترسی وشکە ساڵی دروست نابێتەوە لەسەر ناوچەکانمان و ساڵێکی ئاسایی ئەبێت و لە تەواوی ناوچەکان بڕی پێویستی باران ئەبارێت بەتایبەت لە نیوەی دوەمی وەرزی زستان و وەرزی بەھاردا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×