پۆلیسی دهۆك وردەكاری دۆزینەوەی ئەو پارەو زێڕە ئاشكرادەكات کە لە بازرگانێک دزرابو
  2021-09-06       1094       

پۆلیسی دهۆك ئاشكرایكرد، ئەو بڕە پارەو زێڕەی زۆر كە چەند شەوێك لەمەوبەر لەماڵی بازرگانێكی ناو شاری دهۆك دزرابو دۆزراوەتەوەو ئەنجامدەرانی دزییەكەش چەند كەسێكی خەڵكی جۆرجیا بون بەڵام هیچیان دەستگیرنەكراون و بەرەو دەرەوەی وڵات رۆیشتون.

ئاوێنە: شەوی 3ی ئەم مانگە لەناو سەنتەری شاری دهۆك، دزییەكی گەورە لە ماڵی بازرگانێكی شارەكە ئەنجام درا، كە تێیدا 260 دەفتەر دۆلارو چوار كیلۆ زێڕ درزا.

بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك ئەمشەو دوشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، كە سەرجەم پارەو زێڕەكە هەر لەناو دهۆك دۆزراوەتەوە، بەڵام ئەنجامدەرانی دزییەكە كە خەڵكی جۆرجیا بون، بەرەو دەرەوەی وڵات رۆیشتون.

بەپێی قسەی بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك، ئەو دزەییە بەشێوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو ئەنجامدراوە سەرەتا، ژنێك كە ئەویش خەڵكی جۆرجیا بوە، وەك خزمەتكار لە ماڵە دزی لێكراوە، دەستی بە كاركردن كردوەو پاشان ئەو ژنە لەگەڵ رۆشتنەوەی و دەربازبونی لە سنور دو كەسی دیكە كە خەڵكی جۆرجیا بون رۆژی 31ی مانی رابردو هاتونەتە هەرێم، ئاگاداركردۆتەوە كە ماڵی بازرگانە دهۆكییەكە كەسی لێ نییە تا "بەئاسانی دزییەكە ئەنجام بدەن."

وتیشی"ئەو دو كەسەشی كە دزییەكەیان ئەنجامداوەو خەڵكی جۆرجیان."

شەوی دزییەكە پۆلیس ئاگاداركراوەتەوە لە روداوەكەو بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك ئاماژەی بەوەشدا كە دوای ئاگاداركردنەوە پۆلیس دەست بە لێكۆڵینەوەو بەدواداچونی وردكراوە لە رێگەی كامێراكانی چاودێرییەوە توانیویانە بە شوێنپێ هەڵگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلەی پارەو زێڕەكەی پێ براوە شوێنی پارەكە بدۆزنەوەو هەروەها بەدواداچون و توندوكردنەوەی رێكارەكان وایكردوە ئەنجامدەرانی دزییەكە نەتوانن پارەكە لەگەڵ خۆیان ببەنە دەرەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك وتیشی، ئەو دو كەسەی دزییەكەیان ئەنجامداوە یەكێكیان لە ڕێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و ئەویدیكەیان لەڕێگەی فڕۆكەخانەوە چۆتە دەرەوە.

بەپێی قسەی بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك، قۆناغەكانی ئەو دزییە گەورەیە پێكدێن لە ئامادەكارییەكان، پاشان جێبەجێكردنی دزییەكەو دواتر بردنە دەرەوەی پارەكە.

لەگەڵ ئەوەش وتی"ئەو كەسانەی بەو كارە هەڵساون چونەتە دەرەوە، بەپێی بەدواداچونەكانی ئێمە، ئەو كەسانە پلانیان وابوە تەنیا دزییەكە ئەنجام بدەن و بچنە دەرەوەی هەرێم. دوای ئەوە چەند كەسێكی دیكە بێن پارەكە ببنە دەرەوەی وڵات."

وتیشی"ئێمە وێنەی پاسپۆرتی ئەنجامدەرانی دزەییەكەمان بۆ وەزارەتی ناوخۆ ناردوە تاوەكو لەڕێگەی ئەوانە كاربكرێت بۆ ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەربچێت و لەڕێگەی ئینتەرپولەوە جێبەجێ بكرێت."

ئاماژەی بەوەشدا كە پارەو زێڕەكە رادەستی خاوەنەكەی دەكرێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×