پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ حیزبی دیموکرات دوای‌ ته‌واوكردنی‌ سزای‌ 27 ساڵ زیندانیكردن، به‌كۆرۆنا گیانی‌ له‌ده‌ستدا
  2021-09-07       630       
عوسمان مستەفاپور
عوسمان مستەفاپور، چالاکوانی سیاسی كوردی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان کە ماوەی 27 ساڵ لەتەمەنی خۆی لەبەندیخانەكانی ئێران بەسەر برد، دوو ساڵ لەمەوبەر لەبەندیخانە ئازاد كراو هاتە هەرێمی كوردستان، شەوی ڕابردوو لەنەخۆشخانەی کۆیە بەپەتای كۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

ئاوێنه‌: عوسمان مستەفاپور، نزیکەی دو هەفتە لەمەوبەر توشی کۆرۆنا بوبو لەسەنتەری مادی کۆیە، تایبەت بەنەخۆشانی کۆرۆنا، خەوێنرابو، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە گیانی لەدەستدا.
 
عوسمان مستەفاپور، کە دانیشتوی شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان بو، دوای 27 ساڵ لەزیندان، رۆژی 22-11-2019لە زیندان ئازادکرا، دواتر  لەرۆژی 27-5-2020 پەیوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – حدکا کردەوە.
 
ئەو کۆتایی هاوینی ساڵی 1991 بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حدکا لەناوچەی تەڕگەوەری ورمێ دەستبەسەر کرابوو. سەرەتا دادگا حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاند، دوایی حوکمەکەی بۆ 10 ساڵ کەمکرایەوە. بەڵام لەدۆسیەیەکی دیکەدا بە 25 ساڵ زیندان مەحکوم کرا.
 
مستەفاپور ساڵی 1967 لەپیرانشار لەدایکبووە، ئەو کاتەی دەستگیرکرا تەمەنی 23 ساڵ بوو،  پێشمەرگەی حدکا بوو، ئەو ماوەیەی لەزیندان بوو هیچ کات مۆڵەتی پێنەدرا لەزیندان بێتە دەرەوە. 
 
مستەفاپور ماوەی حکومەکەی لەزیندانەکانی شاری تەورێزو ورمێ بەسەربرد. لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی گیراوی سیاسی دوای لێخۆشبونێکی رێبەری ئێران بۆ گیراوان ئازادکرا.

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سه‌باره‌ت به‌گیانله‌ده‌ستدانی‌ "عوسمان مستەفاپوور" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌:

ڕاگەیاندنی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی شەهیدبوونی هاوڕێ عوسمان مستەفاپوور

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین کە دڵسۆزی نیشتمان و تێکۆشەری دێرینی حیزبەکەمان و پێشمەرگەی ڕۆژانی سەخت، هاوڕێ عوسمان مستەفا پوور بەرەبەیانیی ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ بەهۆی پەتای کورۆنا لە نەخۆشخانە چووە ڕیزی کاروانی سەربەرزی شەهیدانی نیشتمان.

هاوڕێ عوسمان مستەفا پوور کوڕی حوسێن  لەدایکبووی ١٣٤٦ی هەتاوی خەڵکی گوندی "کاسەکەرانـ"ـی ناوچەی پیرانی پیرانشارە. ناوبراو، لە تەمەنی ٧ ساڵیدا دەچێتە قوتابخانە و تا پۆلی سێهەمی  ناوەندی درێژە بە خوێندن دەدا.

هەژاری و دەستکورتی ناهێڵێ هاوڕێ عوسمان درێژە بە خوێندن بدا و بۆیە وەک زۆربەی منداڵانی تامەزرۆی خوێندنی کورد، بە ناچاری واز لە خوێندن دێنێ و  وێڕای بنەماڵەکەی مل وەبەر کار دەنێ، تاکوو بتوانێ بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی دابین بکا.

بە هاتنە ئارای گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسیی دەسەڵاتداری ئێراندا و، هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و دەرکەوتنی ڕووی ڕاستیی ئەو بێچمە دەسەڵاتە و ، هەروەها، سەرهەڵدانی خەباتی نوێی کورد بۆ وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوایەتییەکانی، هاوڕێ عوسمان مستەفاپوور لە ساڵی ١٣٦٤ ڕوو دەکاتە ڕیزەکانی حیزب و لە هێزی قەندیل سازمان دەدرێ.

هاوڕێ عوسمان لە ساڵی  ١٣٦٧ بۆ مەئموورییەتێکی دیاریکراو دەچێتە هێزی ئاگری و ساڵی ١٣٧٠ لە گەڕانەوە لە مەئمووریەتێکی شاری "ورمێـ"ـدا کەوتنە بۆسەی هێزەکانی  دوژمن  و دوای شەڕێکی قارەمانانە، بە دیل دەگیرێ و دوای ٢٨ ساڵ بەربەرەکانێ و بەرخودان  لە بەرانبەر جەللادەکان و ئەشکەنجەگەرانی کۆماری ئیسلامی، دەگەڕیتەوە ڕیزەکانی پیشمەرگەی کوردستان و تا کاتی شەهیدبوونی دڵسۆزتر و ئۆگرانەتر لە جاران درێژە بە ئەرکەکانی حیزبی و نیشتمانیی دا.

هاوڕێی خەباتگێڕ و تێکۆشەر شەهید عوسمان مستەفاپوور پیشمەرگەیەکی بەبیر و باوەڕ  و خەمخۆری گەلەکەی بوو، تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانە و تێکۆشانی بێ وچانی  لەو ماوەیەدا کە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، بوو بە وێردی زمانی هەمووان و پاش گەڕانەوەی ڕیزی شۆڕشگێڕانی دێموکرات بە هەناسەیەکی گەرمەوە دەست بە خەبات و تێکۆشان کرد، هەر بۆیە لەلایەن دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان  پلەی کادری نیزامی پێدرا و لە دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  سازمان درا، لەو ئۆرگانە ئەرکی خۆی بە باشترین شێوە بەڕێوە برد.

ڕۆحی شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێت.

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×