2021-09-07   741     
لەسهرتاسهری عێراقدا نزیكهی 3 ملیۆن کارتی بایۆمەتریی دهنگدان لهلایهن هاوڵاتیانهوه وهرنهگیراونهتهوهو ئهندامێكی پهرلهمانی عێراقیش دهڵێت، "دەبێت هەمو ئەو کارتانەی دەمێننەوە رادەستی لیژنەیەکی تایبەت بکرێن لەژێر چاودێریی هەموو حیزبەکانو كاندیده سەربەخۆکاندا، ئەگهرنا دەبنە مەترسیی جیددی بۆ ساختەکایی".
ئاوێنه: بهپێی ئامارهكانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەکۆی نزیکەی 25 ملیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 17 ملیۆن کەس لەسیستەمی بایۆمەتری تۆمارکراونو 14 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەترییان وەرگرتۆتەوە. ئەوەش مەترسیی ئەوەی لای هەندێک لایەن دروستکردووە، کە بەو کارتانەی وەرناگیرێنەوە ساختەکاریی بکرێت.
موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنهرانی عێراقو كاندیدی یهكگرتوی ئیسلامی دهڵێت، "دەبێت هەموو ئەو کارتانەی دەمێننەوە رادەستی لیژنەیەکی تایبەت بکرێن لەژێر چاودێریی هەموو حیزبەکانو بەربژێرە سەربەخۆکاندا. ئەگینا دەبنە مەترسیی جیددی بۆ ساختەکارییو جێگەی قبوڵ نییە".
لای خۆیهوه ئامانج عەزیز، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمیسیۆن ڕایگهیاندووه، تا دو رۆژ پێش هەڵبژاردن کارتەکان دابەش دەکەنو دواتر بەپێی رێنوێنیی کۆمیسیۆن دەنێردرێنەوە بۆ بەغدا.
وتیشی، "بەدڵنیاییەوە ئەو کارتەی کە دروستکراوە وێنەو پەنجەمۆری دەنگدەرەکەی لەسەرەو ناتوانرێت لەلایەن هیچ کەسێکی دیکەوە بەکاربهێندرێت."
بڕیارە لە 10ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.