هەردو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای عێراق دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنیان بۆ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دواخست
  2021-09-07       541       
هەردو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای عێراق بڕیاریانداوە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی‌ بۆ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخرێت‌و جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان-یش ده‌ڵێت، ساڵی نوێی خوێندن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا دەستپێدەکات‌و هیچ رێنماییەکی نوێ نییە بۆ دواخستنی.

ئاوێنه‌:  لەراگەیەنراوێکدا وه‌زاره‌تی پەروەردەی عێراق ڕونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ بڕیاردراوە لە 12ی ئەیلولەوە مامۆستایان‌و كارمەندانی پەروەردەیی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2021- 2022 دەستبەكاربکەنەوە، به‌ڵام هەردو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای عێراق بڕیاریانداوە دەستپێكی خوێندنی ناو پۆل بخرێتە دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی‌ عێراق کە بڕیارە لە 10-10-2021دا بەڕێوەبچێت.

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، خوێندنی ساڵی نوێ لە 14ی ئه‌م مانگه‌وه‌ دەستپێدەکاتەوەو هیچ پێشنیازو رێنماییەک نییە بۆ دواخستنی لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا.

پێشتر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبو كه‌ له‌ 14/9/2021 یەکەم رۆژی دەستپێکی خوێندن دەبێت‌و خوێندن بەئامادەبونی تەواوی نێو پۆل دەبێت.

ئەحمەد گەرمیانی وتیشی‌، خوێندن لەناو هۆڵەکانی خوێندندا دەبێت، بەڵام ئەگەر دایک‌و باوکی خوێندکار هەستیان بەمەترسی لەسەر تەندروستی خوێندکارەکەیان هەیە، دەتوانن لەرێگەی فۆڕمی داواکارییەوە، داوابکەن خوێندکارەکەیان لەرێگەی ئەلیکترۆنییەوە درێژە بەخوێندنەکەی بدات.

جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕونیكرده‌وه‌ كه‌ خوێندنی ناوپۆل ناچارییەو هەرخوێندکارێک ئامادەنەبێت بەنەهاتو دادەنرێت.

لەبارەی پێدانی ڤاکسین بەکارمەندو کارگوزاری قوتابخانەو خوێندنگاکان، ئەحمەد گەرمیانی وتی‌، لەئێستادا پێدانی ڤاکسین بۆ مامۆستایانەو مامۆستایانی بەساڵاچوو خاوەن نەخۆشی درێژخایەن لەپێشینەی ئەو مامۆستایانەن کە ڤاکسین وەردەگرن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×