دانەگاز ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی كوردستان زیاد دەكات
  2021-09-08       546       

کۆمپانیای دانەگاز رێککەوتنێکی بۆ وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا (DFC) واژۆکرد بۆ ئەوەی وەبەرهێنانەکانی لە کێڵگەی گازیی کۆرمۆر فراوان بکات و ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە تاوەکو ساڵی 2023 بگەیێنێتە 630 ملیۆن پێ سێجا لە لە رۆژێکدا.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی، دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا بۆ ماوەی حەوت ساڵ پاڵپشتی لە پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و کۆی تێچووی پڕۆژەکەش 630 ملیۆن دۆلارە، کە ئامانجی پڕۆژەکە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە بەڕێژەی 50٪ بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.

مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێستن پێترۆڵیەم و سەرۆکی بۆردی دانەگاز رایگەیاند: "ئەو گرێبەستەی لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا واژۆمان کردووە جەخت لە گرنگی پەرەپێدانی سەرچاوەکانی گازی سرووشتى لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، ئەوەش لەپێناو پشتگیریکردنى گەشەى ئابووریی هەرێمی کوردستان".

مەجید جەعفەر راشیگەیاند، سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی کە کۆرۆنا بەدوای خۆیدا هێناونی، ئەوان لە وەبەرهێنانەکانیان بەردەوام بوون و رێککەوتنەکەشیان لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ پەرەدان بە سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات دێڤ جاگەدێسان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا رایگەیاند، "وەبەرهێنانەکانی DFC لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستگەیشتنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە وزە زیاتر دەکات، ئەو پڕۆژەیەش دەرخەری وەبەرهێنانی بەردەوامی ئەمریکایە لە هەرێمی کوردستان". 

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×