فەرماندەی بڕیارگەی حەمزە: دوژمنان دەیانەوێ ئاژاوەو نارامی لەسنورەکان دروست بکەن
  2021-09-08       791       
محەمەد تەقی ئوسانلو فەرماندەی بڕیارگەی حەمزە سەیدوشوهەدای سەر بەسوپای پاسدارانى ئێران، بەمیدیای وڵاتەکەى راگەیاندووە "دوژمنان دەیانەوێ ئاژاوەو نارامی لەسنورەکان دروست بکەن، بۆیە ئێمە خۆمان ئەو مافە دەدەینە خۆمان، کاتێک ئەوان کارێک بکەن بەرەوڕووی دەبینەوە".

هەروەها جەختى لەوەکردەوە "بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئەو گرووپانە بەرەوڕوو دەبینەوە، هۆشداریی دەدەین کە خەڵک لە دەوروبەری بنکە دژە شۆڕشەکان دووری بکەن و تێبکۆشن پێش لە ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی کارێک ئەنجام بدات، ئەو گرووپانە لە ناوچەکە دوور بکەنەوە".

محەمەد تەقی ئوسانلو، دیسانەوە هەڕەشەى لەهەرێم کرد و وتى "نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو گرووپانە لە باوەشی خۆی پەروەردە بکات؛ ئێمە بە بەرپرسانی هەرێممان راگەیاندووە کە دەبێت ئەو گرووپانە دەربکرێن".

فەرماندەکەى پاسداران هۆشداری "ئەگەر ئەو چالاکیانەی دوژمنان کۆنترۆڵ نەبێت، لە هەر قووڵاییەکدا بێت ئێمە ئەوێ بە خاکی دوژمن دەزانین و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین رووبەروویان ببینەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەسەرەتاى ئەم هەفتەیە محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران رایگەیاند، سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چالاکیی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە و وتى " دانبەخۆداگرتنی سوپاش کۆتاییهاتووە و کۆماری ئیسلامی وەڵامێکی تووندی ئەو چالاکییانە دەداتەوە".
هەروەها دوێنێ رۆژنامەى (وەتەنى ئەمرۆ)ى ئێرانى لەبەرگی یەکەمى رۆژنامەوە نووسیبووی "موشەکەکان ئامادەن بۆ وەشاندن".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×