پەرلەمانتارێکی گۆڕان بۆ ھاوڵاتیان: ئەگەر حکومەت بەردەوامبوو لەسزادانتان پێوەری ئاو لێبکەنەوەو فڕێی بدەن
  2021-09-08       645       


ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر وەزارەتى شارەوانى بەردەوامبێت لەو سزاو فشارە نایاساییەى لەخەڵک دەیکەن‌و دەرگاى چارەسەرى کێشەى پێوەر بەڕوى پەرلەماندا داخات، ناچارن بەخەڵک بڵێن، "باشترین چارەسەر، لێکردنەوەى پێوەرو کەمپەینى جیاوازە بۆ فڕێدانى".

ئاوێنه‌: دابان محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تى شاره‌وانى به‌رده‌وامبێت له‌سزاو فشار بۆسه‌ر خه‌ڵك‌و ده‌رگاى چاره‌سه‌ر به‌ڕوى په‌رله‌مان داخه‌ن ناچارن به‌هاوڵاتیان بڵێن پێوه‌ره‌كه‌ لێبكه‌نه‌وه‌و فڕێى بده‌ن، چونکە بەلێکردنەوەى دەستەجەمعى پێوەرى ئاو، هەموو ئەو سزا نایاسایانەى خستویانەتە سەر خەڵک هەڵدەوەشێتەوە، پرۆسەى فەوزاى پێوەرى ئاویش کۆتایى پێدێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، "لەپەرلەمانى کوردستانەوە ڕەتکرایەوە هیچ سزایەک بۆ نەبەستنى پێوەرى ئاو بەسەر هاوڵاتیاندا بسەپێنرێت، بەبێ گەڕانى کۆمپانیاکان‌و بێئاگادارکردنەوەى پێشوەخت‌و بێ پاڵپشتى یاسایى، 640 هەزار دینار غەرامەى هاوڵاتیان کراوە، کە جگە لەدەستکردن بەگیرفانى خەڵک‌و دزیکردن هیچ ناوێکى تر هەڵناگرێت، ((حکومەتی ھەرێم سێ ملیار دیناری بۆ وشکەساڵی چارەسەری بێ ئاوی تەرخانکردوە، بەڵام 250 ملیار دینار بەرەو ژور سزای بەسەر خەڵکدا سەپاندوە))".

ده‌شڵێت:"پێشتر هۆشداریمدابوو لەمەترسى ئەم پرۆسەیە، کە بەهۆى پێداگریى‌و ناشارەزایی چەند کەسێکى سودمەند لەوەزارەتى شارەوانى، کێشەى گەورە بۆ هاوڵاتیان دروستدەبێت".

له‌هه‌رێمى كوردستان پڕۆژه‌ى هێنان‌و به‌ستنى پێوه‌رى ئاو زۆرترین قسه‌و باسى له‌سه‌ركراوه‌و ماوه‌ى دوو كابینه‌ى حكومه‌ته‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌هاوڵاتیان تائێستا ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ پێوه‌ره‌كه‌ ببه‌ستن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×