پەرلەمانتارێكی یەكێتی: داگیركارییەكی زۆری موڵكی گشتی لە سنوری پارێزگای دهۆك دەكرێت
  2021-09-08       651       

شنۆ ئەشقی سورچی، پەرلەمانتاری یەکێتی ئاشكرایكردوە "داگیركارییەكی زۆر"ی زەوی و موڵکی هاوڵاتی و موڵکی گشتی لەسنوری پارێزگای دهۆک لەلایەن بەرپرسانی حزبی و دەستڕۆشتوی ئەو دەڤەرەوە دەكرێت و ئەوەشی لە یاداشتێكدا ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردوە.

ئاوێنە: شنۆ ئەشقی سورچی، لە یاداشتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە "لە ناحیەی شیلادزێ سنورێكی بەرفراوانی زەوی تەرخانكراوە بۆ بینای حكومی كە بەشێكیان موڵكی هاوڵاتی ئەو دەڤەرەبون بەڵام دواجار بینای پرۆژەی كەرتی تایبەت و بازرگانی كراوەتەوەو بۆ هەر هەزار مەترێك تەنها 200 مەتر دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنی زەوییەكە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر رازی نەبن زەوییەكانیان رادەست بكەن ئەوا بە هەمو شێوەیەك بەكارهێنایان قەدەغە دەكرێ لە لایەن چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوی ئەو دەڤەرە."

ئەوەشی خستۆتەڕو" ژمارەیەك بەرپرسی حیزبی بە هاوكاری چەند كەسێكی دەستڕۆیشتو گەورەترین گۆڕەپان لە ناحیەی شیلادزێ داگیر دەكەن كە ناسراوە بە گۆڕەپانی سالم (ساحەی مەزن)، دەكەوێتە سەر شەقامی گشتی بە نزیكەیی 50 پارچە زەوییەو داهاتەكەی بۆ بەرپرسی حیزبییە لە كاتێكدا لە سەردەمی بەعس دروستكراوەو موڵكی گشتییە."

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی"شەقامێكی دوساید لە نێوان ناحیەی شیلادزێ و كۆمەڵگەی 'سیریێ' هەیە بە درێژایی دو كیلۆمەتر بە هەزاران پارچە زەوی موڵكی هاوڵاتی ئەو دەڤەرەیە، لەلایەن چەند كەسێكی دەستڕۆیشتو دەستی بەسەر داگیراوە، لە هەر لایەكی شەقامەكە بە قوڵایی 100 مەتر داگیركراوە، هەندێكیان بە بیانوی دروستكردنی بینای حكومی، لە هەر لایەكی شەقامەكە بە پانی  200 مەترو بە درێژی دو هەزار مەتر كە دەكاتە 400 هەزار مەتر چوارگۆشە كە لەو بڕە تەنها 10 هەزار مەتری بینای حكومی لێ دروست كراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بەشێكیان كراون بە پرۆژەو بەشێكیشیان بەنایاسایی كڕین و فرۆشتنی پێوەكراوە."

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "بەر لەوەی شیلادزێ ببێتە ناحیە دو شارەوانی هەبون بە ناوەكانی شارەوانی (شیلادزێ و شارەوانی كۆمەڵگەی سیریێ) دوای ئەوەی شیلادزێ بو بە ناحیە، هەردو شارەوانی كران بە یەك، بینای شارەوانی كۆمەڵگەی سیریێ كراوە بە بارەگای حیزبی و بینای شارەوانی شیلادزێ بە نایاسایی دراوە بە كەسێك (دەوترێ بەرپرسێكی حیزبیە)."

لە بەشێكی دیكەی یاداشتەكەیدا شنۆ ئەشقی سورچی، رایگەیاندوە كە لە قەزای بەردەڕەش، زەوییەك روبەرەكەی هەزارو 167 مەتر دوجایە، كراوە بە پێنج پارچە زەوی نیشتەجێبون لەسەر زەوی خزمەتگوزاری شارەوانی و لەسەر شەقامی گشتی (تیجارییە) بە بەهای 230 هەزار دۆلار فرۆشراوە.

بەگوێرەی یاداشتەكە، هەر لەو قەزایە، زەوییەكی روكن تیجاری بە بەهای 570 هەزار دۆلار فرۆشراوە و ئێستا كراوە بە بەنزینخانە و بە ناوی (هیوا ئۆیل).

هەروەها بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە "بە نیازن بنكەی پۆلیسی كۆن بفرۆشن كە روبەرەكەی دو هەزارو 500 مەتر دوجایە لە ناو سەنتەری قەزای بەردەرەش و داوای هەزارو 300 دۆلار دەكرێ."

هەر بەگوێرەی یاداشتی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی "زەوییەكی روكن كە هەزارو 160 مەتر دوجایە لە ناو سەنتەری قەزای بەردەرەش دراوە بە كەسێك كە زەوییەكە نەخشەی بازاڕی هەیەو داوای 10 هەزار دۆلاری لێدەكرێ."

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە لە هەمان قەزا، "زەوییەك كە روبەرەكەی 300 مەتر دوجایەو تیجارییە نزیك شەقامی جوت سایدی قایمقامیەت داوای 150هەزار دۆلاری لێدەکرێ."

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×