عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئاششكرایكرد، لەماوەی رابردودا چەندین ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل لەلایەن بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی ناوخۆوە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ژمارەیان پێدراوە.
ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"لەماوەی رابردودا ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل (کەمتر لە ٢٠١٩ و ٢٠١٨) بە قاچاخ داخڵکراون و نرخی داخڵکردنی ئەم ئۆتۆمبیلانە بۆ بەرپرسان (١٠ ھەزار دۆلار) بوە."
وتوشیەتی"ئەم ئۆتۆمبێلە خوار مۆدێلانە کە بەقاچاخ ھاتون و ژمارەی کاتییان نەبوە، بەیاسا نابێت ژمارەیان پێبدرێت."
ئەوەشی خستۆتەڕو"بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستم کەوتون ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کە بەقاچاخ داخڵبون لەلایەن بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆوە لە بەڕێوبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی ژمارەیان پێدراوە."
ئاماژەی بەوەشداوە كە بەپێی وتەی چەند کەسێکی ئاگادار "ھەر ئۆتۆمبێلێک بە ١٠ ھەزار دۆلار ژمارەی پێدراوە."
ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"بەھەزاران ھاوڵاتی ئۆتۆمبێلی مەلیکەی ھەیە ژمارەی پێنادرێت، بەڵام بە سێ ئۆتۆمبیل دراوە. جگە لە چەندین ئۆتۆمبیلی دیکەی گرانبەھا کە بە قاچاخ داخڵبوە."
عەلی حەمەساڵح وتویەتی، "من بەڵگەنامەی ٥٧ ئۆتۆمبێلم دەستکەوتوە کە تەنیا لە دو مانگی رابردودا کراون! نازانم چی دیکەش کراوە."
ئەوەشی وتوە"٤٤ ئۆتۆمبێل بە قاچاخ داخڵبوەو بێ سەرەتایە، ژمارەی کاتی نییە و ژمارەی سلێمانی بە نایاسایی پێدراوە."
هەروەها بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە "دو ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا، بە نایاسایی ژمارە کراوەو مۆڵەتی درعیشی پێدراوەو ١١ ئۆتۆمبێلیش بەنایاسایی کراون بە درع."
جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو دۆسیەیەی لە ڕێگای داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکیەوە ڕەوانەی دادگا كردوەو ئاڕاستەی لایەنی پەیوندیداریش كراوە.