ئەمریكا: خۆشحاڵین بە دابینكردنی 250 ملیۆن دۆلار بۆ فراوانكردنی كێڵگەی غازی كۆرمۆر
  2021-09-09       385       

كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، وڵاتەكەی خۆشحاڵە بە دابینكردنی بڕی 250 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: كونسوڵخانەكە، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا خۆشحاڵە بە دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر."

دوێنێ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكردبو كە رێككەوتنێكی دامەزراوەی پارەداركردنی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریكی لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز، 250 ملیۆن دۆلاری بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەستەبەركردوە.

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر لە راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی"ئەم پاڵپشتیە دارییە ئەمریکیە دەبێتە هۆی دەستڕاگەیشتن بە غازی سروشتیی پاك و هەرزانتر بۆ بەرهەمهێنانی کارەباو بواری پیشەسازی بۆ خزمەتی خەڵکی هەرێمی كوردستان."

كونسوڵخانەكە وێڕای دوپاتكردنەوەی پابەندیی وڵاتەكەی بۆ پشتیوانیکردن لە پەرەپێدان و گەشەی ئابوری لە هەرێمی کوردستان وتوشیەتی"ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو هەرێمی کوردستان: پێکەوەبونمان بەرەو باشترمان دەبات."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×