قوباد تاڵەبانی: چیتر رێگەنادەین كەركوك باجی سەركێشیی سیاسەتی هیچ كەس و لایەنێكی تر بدا
  2021-09-09       1714       

قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان لەمیانی رێوڕەسمی راگەیاندنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوپەیمانییەكەدا لەكەركوك رایگەیاند، چیتر رێگەنادەین كەركوك باجی سیاسەتی هەڵەو سەركێشیی سیاسەتی هیچ كەس و لایەنێكی تر بدات و كۆتاییش بەو ئیدارە خۆسەپێنەی ئێستای كەركوك دەهێنین و یەكێك لە ئێوە دەكەینە پارێزگاری كەركوك.

ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی لە وتەیەكدا رایگەیاند"هاوپەیمانی كوردستان بەعەقڵێكی نوێوە هاتوە بۆ ئەوەی بە هێزێكی گەورەوە بچێتە بەغداو بەیەكجاری و بۆ هەمیشە كێشەی موچەو بودجە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر چارەسەر بكات. بۆ ئەوەش هاتوین كۆتایی بەم دەسەڵات و ئیدارە خۆسەپێنەی كەركوك بهێنین و ئارامی و سەقامگیری بۆ كەركوك و سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی تر بگەڕێنینەوە. "

ئەوەشی خستەڕو"عەعەقڵێكی نوێوە هاتوین بۆ ئەوەی پێتان بڵێین و دڵنیاشتان بكەینەوە كە چیتر رێگەنادەین نە كەركوك نە هیچ بستە خاكێكی پیرۆزی كوردستان، باجی سیاسەتی هەڵەو سەركێشیی سیاسەتی هیچ كەس و لایەنێكی تر بدات. هاتوین پێتان بڵێین بە یارمەتی ئیوەو پشتئەستور بەدەنگی كەركوك كۆتایی بەم خۆسەپێنییە دەهێنین و یەكێك لە ئێوە دەكەینە پارێزگاری كەركوك."

ئاماژەی بەوەشدا كە "لە رابردودا سەلماندومانە كە تەنیا ئێمەین توانیومانە لە رێی دانوستانەوە كێشەكان چارەسەربكەین. ئێمە ئەزمونمان لە دانوستانی قورس و درێژ هەیەو هەر ئێمەیشین كە جێی متمانەی هێزە عێراقییەكان و لایەنە نێودەوڵەتییەكانین."

هەروەك وتیشی"لە پرۆسەی دانوستاندا دنیایەك كێشەی قورست بۆ دروست دەكەن بۆ ئەوەی بێزارو بێ هیواو بێ ئومێدت بكەن و كۆڵ بدەیت، بەڵام ئێمە وەك ئەو لایەنانەی تر نین كە زو هەڵبچین و زو كۆڵ بدەین و لەسەر حسابی قوت و موچەی خەڵك، بە میزاجی شەخسی خۆمان بڕیار بدەین."

سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان جەختی لەوە كردوە "ئێمە سەلماندنمان كە لە پێناو موچەی خەڵك دەتوانین بە سەدان سەعات دانوستان بكەین و ماندو و بێزار نەبین. لایەنی دیكە هەیە هەر باوەڕی بە چارەسەركردنی كێشەكان نییە لەگەڵ بەغداو لە هەر دەقەو ساتێكدا بێت سەركێشییە سیاسییەكانیان دەست پێدەكەنەوەو قەوارەی هەرێمی كوردستان و كەركوك و خەبات و خوێنی دەیان ساڵەی شەهیدانمان دەخەنە مەترسییەوە. خۆ ئەگەر دانوستانیش بكەن تەنها بۆ مسۆگەركردنی پۆستەكانیانە لە بەغداو بۆ بەرژەوەندی كەسیی خۆیان دەیكەن."

هەروەك بەڵێنی ئەوەشی دا كە "كەركوك بگەڕێنینەوە باوەشی دایكی نیشتمان."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×