وەزیری پلاندانانی هەرێم: ناردنی 200 ملیارەكەی بەغدا تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت
  2021-09-09       393       

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێم رایگەیاند، ئەو 200 ملیار دینارەی كە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت سلفەیەو تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت. دەشڵێت: ئەو پارەیەی لە هەرێم بۆ موچە تەرخان دەكرێت وەك خۆیەتی چونكە بابەتی راگرتنی ئەو موچانەی كە هەبوە هێشتا یەكلایی نەبوەتەوە.

ئاوێنە: ئەو قسانەی وەزیری پلاندانای هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا هاتن بۆ رۆژنامەنوسان لە پەراوێزی رێوڕەسمێكدا لە هەولێر لەبارەی دەستكردن بە سودوەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.

دارا رەشید لەبارەی ئەوەی سەرباری بڕینی کۆمەڵێک موچە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا کەچی هێشتا بڕی دابینکراوی بودجە بۆ موچە هەر وەک خۆیەتی و کەمی نەکردوە، وتی"ئەو پارەیەی کە تەرخان دەکرێت بۆ موچە وەک خۆیەتی، چونکە بابەتی راگرتنی ئەو موچانەی کە هەبون لایەنێکی دیکەیە، چونکە زۆر خەڵک هەیە کە موچەی راگیراوە هێشتا یەکلانەبوەتەوە کە مافی نییە، زۆر کەس هەیە خستنەسەری خزمەتی هەیەو هێشتا بۆی نەخراوەتە سەری، ئەمەش لە پلە تایبەتەکان تاوەکو فەرمانبەری ئاسایی، بۆیە ئەو تەرخانکردنەی بۆ موچە دەکرێت وەک خۆیەتی، ئەو موچانەش کە رادەگیرێن لە موچەی خانەنشینییە نەک فەرمانبەر و موچەخۆرانی ئێستا."

دارا رەشید لە وەڵامی ئەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێ لە عێراق هیچ مەترسییەک لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان و ئەو رێککەوتنەی کە کراوە دروست دەکات رایگەیاند "نەخێر هیچ مەترسییەک نییە، ئەو ٢٠٠ ملیارەی کە ئێستا دێت وەک سلفەیەک بۆمان دێت، ئەگینا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای فیدراڵی زۆر زیاترە لەوە، ئەو ٢٠٠ ملیارە سلفەیەو بەردەوام دەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ کە ٣١ی ١٢ی ساڵی ٢٠٢١ دەکات کە پێی دەڵێن کۆتایی ساڵی دارایی."

دارا رەشید دەربارەی ئەوەی بۆچی یاسای بودجە و پشکی هەرێم لە یاساکە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت وتی "پشکی هەرێم هەندێک یەکلاکردنەوەی دەوێت لەنێوانی چاودێری دارایی هەردولا، ئێستا ئەو پابەندییانەی لەسەر هەرێمی کوردستانە هەمویمان جێبەجێ کردوە، بەڵام وەک هەمو لایەک دەیزانن ئەوەی کە ئێستا دێت تەنیا وەک سلفە پێمان دەگات، ئێمە لەوانەیە پێش هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن دوبارە سەردانی بەغدا بکەینەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١و خۆشمان ئامادەبکەین بۆ بودجەی ٢٠٢٢ بۆئەوەی جارێکی دیکە توشی ئەو کێشانە نەبین کە لە ٢٠٢١ توشی بوین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×