لەبارەی مانگرتنی زیندانیانی بادینان یاداشێك ئاڕاستەی نەتەوە یەكگرتوەكان و باڵیۆزخانەكان دەكرێت
  2021-09-10       727       

چوار پەرلەمانتاری كورد لە بەغداو كاندیدێكی كۆمەڵی دادگەری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە یاداشتێكدا بۆ دەسەڵاتی دادوەری عێراق و نەتەوە یەكگرتوەكان و باڵیۆزخانەی وڵاتانی رۆژئاوا لە عێراق، دەڵێن: دۆخی زیندانیكراوانی بادینان بەهۆی مانگرتنیان خراپەو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانیشەوە روبەڕوی سزادان دەبنەوە. داواشیان لێدەكەن فشارەکانیان چڕبکەنەوە بۆ کۆتایهێنان بەم رەشەو نالەبارە.

ئاوێنە: ئەحمەد حاجی رەشید، غالب محەمەد، سەركەوت شەمسەدین، رێبوار كەریم، پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سۆران عومەر، كاندیدی كۆمەڵی دادگەری بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە مانگرتنی چالاکوانانی بادینان لە زیندان، یاداشتێكیان ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ كردوە.

لە یاداشتەكەیاندا وتویانە"ئێوە ئاگادارن ماوەی زیاتر لە یەک ساڵە دەسەڵاتی هەرێم دەیان هاوڵاتی مەدەنی دانیشتوی پارێزگای دهۆک لە زیندان توند کردووە تەنیا لەبەرئەوەی داوای مافە داراییەکانی خۆیانکردووە، جگە لە پێنج کەسیان کە بە نادادگەرانە سزا دراون، ئەوانیتریان بێ هیچ بریارێکی دادگا لە زیندانەکان راگیراون و چەندینجارە دانیشتنی دادگایکردنیان دوادەخرێت."

لە یاداشتەكەدا هاتوە"ئیمە ئاگادارتان دەکەینەوە لە خراپی رەوشی ئەم زیندانیکراوانە کە لەئێستادا مانیان لە نانخواردن گرتوەو بەوهۆیەوە لەرەوشێکی خراپی تەندروستی دان و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە روبەروی سزادان و سوکایەتیپێکردن دەبنەوەو هەمو هۆکارێکی پەیوەندیکردنیان بە کەسوکاریان و پارێزەرەکانیان لێ قەدەغەکراوە."

جەختیشیان كردۆتەوە "لە ئێستادا رەوشی دادگا لە هەرێمی کوردستان لەوپەری خراپیدایە و بەتەواوی لەلایەن حزب و چەند کەسێکەوە کۆنترۆڵکراوەو دادوەرەکان ئیرادەیان لێسەندراوەتەوەو ئەمەش هەوێنی دروستبونی نائارامی سیاسی و ئەمنی زیاترەو بەرپرسیاری ئەم رەوشەش دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، داواش لە هاوپەیمانان و دۆستانمان دەکەین کە فشارەکانیان چڕبکەنەوە بۆ کۆتایهێنان بەم رەشەو نالەبارە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×