وێنە.. لەهەولێر ئۆتۆمبێلێك بەخیرایی 160 كم خۆی دەكێشێت بە دو كامێرای جێگیری هاتوچۆدا
  2021-09-10       368       

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئۆتۆمبێلێك بە خێرایی سەرو 160 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، خۆی كێشاوە بە دو كامێرای جێگیری هاتوچۆداو یەكیكیانی 300 مەتر فڕێداوە، لە روداوەكەشدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە برینداربوەو وێڕای دو كامێراكە زیان بە دو ئۆتۆمبێلیش گەیشتوە.

ئاوێنە: فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، سەعات 9:40 خولەكەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگای هەولێر-بەحركە لەبەرامبەر گوندی لوبنانی لە سایدی هاتن بەرەو ناوشار، ئۆتۆمبێلێكی جۆری هۆنداری ئەلنترای تایبەت كە "خەریکی نمایش و لولخواردن بو لەنێو ئۆتۆمبێلەکان، لەناکاو کۆنتڕۆڵی لەدەستداو بەسەر دورگەی ناوەندی شەقام کەوت و خۆی کێشا بە کامێرایەکی چاودێریی جێگیری هاتوچۆداو و بۆ مەودای 300 مەتر فڕێیدا."

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر وتوشیەتی، ئۆتۆمبێلەكە هەر بەردەوام بو لەڕۆیشتن و خۆی کێشا بە کامیرایەکەی تریشدا کە بۆ دیوەکەی تری شەقام دانراوە، ئینجا پەڕییەوە دیوەکەی تری شەقام و خۆی کێشا بە نیسانێکی تایبەت کە وەستابو، ئینجا بەتەواوی وەستا.

ئاشكراشیكردوە كە لەدەرەنجامی روداوەکەش شوفێرەکە برینداربو و زیان بە دو ئۆتۆمبێل کەوت لەگەڵ دو کامیرای چاودێری.

فازڵ حاجی ئاماژەی بەوەشداوە كە بەپێی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی خێرایی پێشبینیکراوی ئۆتۆمبێلەکە بەر لەروداوەکە سەروی 160کیلۆمەتر بوە لەکاتژمێرێک، چونکە کامێراکانی چاودێری بەرگی پارێزەریان، کێشەکەی لە 100 کیلۆ زیاترەو بە کرێن دەجوڵێنرێن لەکاتی دانان و بەستنیان، کەچی زەبری بەرکەوتنەکە نەک بە قاعیدەوە دەریهێناوە بەڵکو 300 مەتریش فڕێیداوە.

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×