یوسف محەمەد: هەر پارتی تاوانبار نییە لە كەیسی دەمكوتكردنی دەنگە ئازادەكانی بادیناندا
  2021-09-10       1120       
ژمارەیەك لە دەستگیركراوانی بادینان

یوسف محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەر پارتی بەشدارو تاوانبار نییە لە كەیسی دەمكوتكردنی دەنگە ئازاو ئازادەكانی بادیناندا، بەڵكو حزبە بەشداربوەكانی تری ناو دەسەڵاتیش بەشدارن لە بەردەوامی ئەو دۆسییە دژە مرۆییەدا.

ئاوێنە: یوسف محەمەد، ئەمڕۆ هەینی لە تویتێكدا وتویەتی"هەر پارتی بەشدار و تاوانبار نییە لە کەیسی دەمکوت کردنی دەنگە ئازا و ئازادەکانی بادینان، بەڵکو حیزبە بەشداربوەکانی تری ناو ئەم دەسەڵاتە ستەمکارەو هەمو ئەوانەی بەناوی چاکسازییەوە پۆستی بێدەسەڵاتیان لەناو حوکمڕانیی هەرێم هەیە بەشدارن لە بەردەوامیی ئەم دۆسییە دژە مرۆڤانەیە."

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەشی وتوە، دوای زیاتر لە ساڵێك لە دەستگیركردنیان، هەندێك لە دەستگیركراوانی بادینان مانیان لە خواردن گرتوە وەك دژایەتییەك بۆ دۆخی دەستگیركردنیان و ئەو تۆمەتانەی بۆیان دروستكراون و هەروەها دواخستنی بەردەوامی دادگاییكردنیان بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسییەكانیان.

جەختیشی كردۆتەوە كە بێدەنگی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ و رێكخراوە مرۆییەكانی دیكە بەرامبەر بە پێشێلكردنی ماف و ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان، كارێكی شەرمئاوەرو سەركۆنەكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×