ساڵح موسلیم: پارتی لقەكەی ژێر پێی خۆی دەبڕێتەوە
  2021-09-11       1554       

ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکرات(پەیەدە)، سەبارەت بە گرژییەكانی نێوان پەكەكەو پارتی رایگەیاند، پارتی دەڵێت "من شەڕ ناكەم" بەڵام بە هەمو توانایەکەوە گەمارۆی گەریلا دەداو رێگە نادات گەریلاکان لە شوێنێکەوە بچن بۆ شوێنێکی ترو بۆسەیان بۆ دادەنرێت. دەشڵێت: ئەمە یارییەکی زۆر مەترسیدارەو زیانی بۆ هەمو کورد هەیە پێش هەموی پارتی، پارتی بەمە لقەکەی ژێر پێی خۆی دەبڕێتەوە.

ئاوێنە: ساڵح موسلیم لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی رەسمی پەكەكە، لەبارەی گرژییەكانی نێوان پارتی و پەكەكە رایگەیاند"دەوڵەتی تورک نەک هەر هێرش دەکاتە سەر کوردانی باکور یان پەکەکە، کاتێک هێرش دەکات لە دژی هەمو گەلی کورد شەڕ دەکات. بۆیەش ئەوانەی هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکەن، دواتر دژی هەمو گەلی کورد شەڕ دەکەن."

وتوشیەتی"لەناو پارتیدا هەندێک لایەن هەن، ئیرادەی خۆیان تەسلیم کردوە یان فرۆشتوە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی دەوڵەتی تورک. ئەوەندەی ئێمە چاودێری دەکەین، ئەو کەسانەی کە بۆ ناوچەی گەریلا رەوانە دەکرێن پێشمەرگە نین. ئەوان بە شێوەیەکی سەرەکی هێزی تایبەتی پەدەکەن. ئەوە ڕونە کە بە فەرمانی کێ دەجوڵێنەوە، وەک هێزی گوڵان و زێرەڤانی...هەمو کەس دەزانێت کە هەمو ئەمانە پشت بە کێ دەبەستن. بۆیە یارییەکی زۆر مەترسیدار دەکرێت. پێش هەمو شتێک گەمەیەکی مەترسیدارە بەرامبەر بە گەلی کورد و هێزی کورد و لە دژی خودی پارتی. لە ئەنجامی بەرخۆدانی کورددا بەهایەک دروست بوە. پارتی بەم شەڕە لقەکەی ژێر پێی خۆی دەبڕێتەوە."

ئەوەشی وتوە"ئەگەر بەڕاستی شەڕێکی لەو شێوەیە دەست پێبکات، ئەگەر ژیرانە ڕەفتار نەکات، پێش هەمو شتێک پارتی زیانی بەردەکەوێت. ئەوانەی لەناو پارتیدان زیانیان بەردەکەوێت. بۆیە لەبەر ئەوەی ئەوان برای ئێمەن، باوەڕم وایە زۆر باش دەبێت ئەگەر لەو هەڵەیە بگەڕێنەوە."

ساڵح موسلیم وتوشیەتی"دەڵێ 'من شەڕ ناکەم'، بەڵام بە هەمو توانایەکەوە گەمارۆی گەریلا دەدات. ڕێگە نادات گەریلاکان لە شوێنێکەوە بچن بۆ شوێنێکی تر. گەریلاکان لە باشور کاتێک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەڕۆن، بۆسەیان بۆ دادەنرێت. ئەمە شتێکی زۆر خراپە، یارییەکی زۆر مەترسیدارە. زیانی بۆ هەمو کورد هەیە. پێش هەمو شتێک بۆ پارتی. خۆی لەناودەبات. چونکە وەک وتمان لقەکەی ژێر پێی خۆی دەبڕێتەوە. پێویستە ئەمە نەکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×