ڤیدیۆ..ئەو كۆچبەرە كوردانەی رادەستی بەرەی نوسرە كرابون گەیشتنەوە هەرێمی كوردستان
  2021-09-11       533       

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران رایگەیاند، ئەو 57 كۆچبەرە كوردەی كە لەلایەن توركیاوە رادەستی بەرەی نوسرە لە سوریا كرابون، ئەمڕۆ شەممە، گەیشتنەوە هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: دەزگای لوتكە كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ماوەی ۱٠ ڕۆژە ٥۷ کۆچبەری کورد کە لە ڕێگای کۆچی نایاساییەوە گەیشتبونە خاکی تورکیا و پاش ئەوەی خۆیان بە سوری لە قەڵەمدابو، لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە ڕادەستی بەرەی نوسرە کرابون.

ئاماژەی بەوەشداوە كە دەزگای لوتکە لە ۳۱ ئابەوە سەرقاڵی کاروبارەکان بوە بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان، خۆشبەختانە ئەمڕۆ شەممە بە هاوکاری دەزگای لوتکە گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.

پاش گەیشتنەوەیان بە سەلامەتی، سەرۆکی دەزگای لوتکە و بەشێک لە ئەندامانی دەزگاکە لە دۆڵی سماقوڵی پێشوازیان لە کۆچبەرەکان کرد.

ئاری جلال سەرۆکی دەزگای لوتکە رایگەیاند کە بە هاوکاری نوسینگەی جێگری هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی و کونسوڵخانەی عێراق لە ئەنقەرە توانرا کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرەکان بکرێت.

دەزگای لوتکە داوا لە کەسوکاری کۆچبەرەکان دەکات سەعات ۱۲:۳٠ پاشنیوەڕۆ لەبەردەم بینای پارێزگاری سلێمانی ئامادەبن بۆ پێشوازی کردن لە ڕۆڵەکانیان.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×