هێرشێكی داعش لە سنوری مەخمور چوار كوژراوی لێكەوتەوە
  2021-09-11       520       

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە ئەنجامی هێرشێكی داعش لە گوندێكی سنوری قەزای مەخمور، چوار كەس كوژران و حەوتی دیكەش برینداربون.

ئاوێنە: بەپێی میدیا عێراقییەكان لە گوندی "خەتاب" لە سنوری قەزای مەخمور، لەهێرشێكی داعشدا نەقیبێكی پۆلیس و برایەكی ئەو نەقیبەو چەكدارێكی حەشدی شەعبی كوژراون.

ئەو سێ كەسە لەكاتی راوەدونانی هێزەكانی داعشدا بۆمبی چێنراویان پێدا تەقیوەتەوەو كوژراون.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق دواتر تەرمەی كەسێكی دیكەش دۆزراوەتەوە كە لە كاتی هێرشەكەی داعشدا لەلایەن چەكدارانی ئەو رێكخراوەوە رفێنراوەو بەوەش ژمارەی كوژراوانی هێرشەكە گەیشتۆتە چوار كەس.

هەروەها لە ھێرشەكەدا حەوت كەسی دیكەش برینداربون كە زۆربەیان سەربە حەشدی عەشائیرین.

لە رێوڕەسمێكدا هەر ئەمڕۆ بە ئامادەبونی كەسوكاریان و خەڵكێكی زۆری ناوچەكە، تەرمی كوژراوانی ئەو هێرشەی داعش بە خاك سپێردران.

ئەوە دوەم هێرشی چەكدارانی داعشە لە سنوری قەزای مەخمور لەماوەی هەفتەیەكدا.

رۆژی یەكشەممەی رابردو لە هێرشێكی هاوشێوەی داعش لە سنوری قەزای مەخمور سێ سەربازی سوپای عێراق كوژران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×