بەرهەم ساڵح لە بەغدا لەگەڵ پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە
  2021-09-11       343       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ شەممە، پێشوازیكرد لە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان و لە دیداری نێوانیاندا تاوتوێی بەهێزكردنی هەوڵەكانیان كرد بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، بەرھەم ساڵح، ئەمڕۆ شەممە، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێرو هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک و ئازاد تۆفیق رەحیم، پارێزگاری هەڵەبجە و سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و خزمەتگوزاری گفتوگۆکرا.

لە دیدارەکەدا بەگرنگییەوە باس لە بەھێزکردنی هەوڵەکان کرا، بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ، ھەروەھا دوپاتکرایەوە لەگرنگی پاراستنی مافە رەواکانی ھاوڵاتیان بێ جیاوازی.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختیکردەوە لەگرنگی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و ریشەیی بۆ کۆتاییھێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستورو یاسا، بەتایبەتی کێشە داراییەکان و پاراستنی مافە رەواکانی خەڵک و موچەخۆران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بێ جیاوازی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×