٧٢ دەستگیركراوی بادینان مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند و دۆخی تەندروستیان خراپە
  2021-09-11       669       


نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان ڕادەگەیەنێت، ٧٢ دەستگیركراوی بادینان مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاندوە و دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە، كەسوكارەكانیان داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن مافی زیندانییەكان دابینبكەن.

ئاوێنه‌: ئەیھان سەعید، نوێنەری کەسوکاری دەستگیركراوانی بادینان ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕایگشتی و لایەنە پەیوەندییدارە ناوخۆیی و نێودەڵەتییەکان بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوەكردووە، كە سەرچاوەیەک لەنێو زیندانی ئاسایشی گشتیی ھەولێر پێیڕاگەیاندوون، لە ڕێککەوتی ٦ی ئەم مانگەوە، ٧٢ زیندانیانی بادینان، کە پێکدێن لە (ڕۆژنامەنوس، چالاکوان، مامۆستا، پێشمەرگەی دێرین، نوسەر و مامۆستای زانکۆ) مانگرتنی سەرتاسەرییان لە خواردن کردوە، ئێستا دۆخی بەشێکیان زۆر خراپە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا، بەناوی کەسوکاری زیندانیانی بادینانەوە، داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەستەڵاتی جێبەجێکار و دادوەریی، نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و بەغداد، ڕێکخراوە جیھانییەکانی مافی مرۆڤ دەکات سەردانی زیندانییە بە ناحەق دەستگیرکراوەکان بکەن، فشار بکەن کە مافە یاساییەکانیان بۆ دابین بکرێت.

وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، داواكاری كەسوكاری دەستگیركراوان پێكهاتووە لە، ڕێگەپێدان بۆ بینینی خێزان و پارێزەرەکانیان، کە بەپێ (اصول المحاكمات الجزائية) مافی ھەموو زیندانییەکە پارێزەری ھەبێت، هەروەها، گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان، لە زیندانی ئاسایشی گشتیی بۆ چاکسازی گەوران، چونکە دوخیان لە ئاسایش زۆر خراپە و بەشێک لە زیندانیان زیاتر لە ٤٠ کیلۆ لە جەستەیان دابەزیون، ناکرێت ئاسایش سکاڵاکار بێت و زیندانییەکانیش لەژێر زیندانەکانی ئەواندابن.

"دادگایی گشت ڕاگیراوەکان، دەستپێبکەن و یەکلایی بکرێنەوە، کە زیاتر لە ساڵێکە، بە مەبەست دادگایی ناکرێن، جگەلەوەش زیندانیەکان مەدەنیین و ھیچ بەڵگەیان لەسەر نییە بۆ ئەو تومەتانەی دەخرێنە پاڵیان، بۆیە پێویستە بەپێ یاسای ژمارە (٣٥)ی ڕۆژنامەگەریی کوردیی، یاسای ژمارە (١١)ی خۆپیشاندان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، نەک یاسای ١ی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی تێکدانی ئاسایشی ھەرێم، ئەوانە بەشێكی ترن لە داواكاری كەسوكاری دەستگیركراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×