هێزەکانی تورکیا لەناوەندی پارێزگای دهۆک نزیکبوونەتەوە
  2021-09-12       1012       
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت دەستتتیوەردانە سەربازییەکانی تورکیا لەسەر ئاستی هێزە وشکانییەکان لەناوخۆی خاکی عێراق زیادیان کردووە، بەشێوەیەک هێزەکانی ئەو وڵاتە لەناوەندی پارێزگای دهۆک نزیکبوونەتەوە.

ئاوێنە: قاتیع ریکابی ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: بێدەنگیی لەئاست دەستتێوەردانە سەربازییەکانی تورکیا، وایکردووە ئەو وڵاتە زیاتر چاو ببڕێتە خاکی عێراق و دەستتێوەردانە سەربازییەکانیشی زیاتر بکات، بەشێوەیەک بەشێک لە هێزە وشکانییەکانی تورکیا گەیشتتونەتە نزیک ناوەندی پارێزگای دهۆک.

ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بۆئەوەکردووە کە دەستتێوەردانەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق بابەتێکی تازە نییە، بەڵام لەشکرکێشی بۆقوڵایی خاکی عێڕاق و هاتن و چوونی ئەو هێزانە لەناو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیازی داگیرکاریانەی تورکیای ئاشکرا کرد، تەنانەت هەندێک لە هێزەکانی تورکیا خۆیان گەیاندۆتە پارێزگای نوێی عێراق.

روونیشی کردۆتەوە کە تورکیا لەو دەستدرێژیانەیدا رەچاوی مافی هاوئایینی و هاوسێیەتی ناکات، بۆیە دەبێت حکومەت ڕێگای نوێ بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا بدۆزێتەوە و وەک تەماشاکەر بەدیار ئەو خەڵکەوە نامینێتەوە کە بەهۆی داگیرکردنی ناوچەکانیان لەلایەن تورکیاوە تووشی ئازار و نەهامەتی بوونەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×