عومەر گوڵپی‌: حکومەت تا ئێستا نەیتوانیوە ژمێریاری‌ هێزەکانی 70 و 80 بخاتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە
  2021-09-12       433       


ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکومەت نەیتوانیوە بچوکترین یەکەی‌ سەربازی‌ بێلایەن لە دەرەوەی‌ دەسەڵاتی‌ پارتی‌‌و یەکێتی‌ لە چوارچێوەی‌ یاساو دامەزراوەی‌ نیشیمانیدا دروست بکات، بەڵکو "تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو خاڵە بچوکەی‌ چاکسازی‌ کە لە یاسای‌ چاکسازی‌ لە موچەو ئیمتیازاتەکاندا هاتوە جێبەجێ بکات کە بریتیە لە یەکخستنی‌ ژمێریاری‌ یەکە سەربازییەکان بەتایبەت هەردو یەکەی‌ حەفتاو هەشتا لە ژمێریاری‌ سەر بە وەزارەتی‌ پێشمەرگە".

عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان رایگەیاند، "بە نوسراوی‌ ژمارە (98) لە 12ی‌ 9ی‌ 2021، بەدواداچونمان کرد بۆ بابەتی‌ کاری‌ نایاسایی‌ لە بواری‌ ژمێریاری‌ یەکە سەربازییەکان‌و کاری‌ نایاسایی‌ لەو موچەو ئیمتیازاتانەی‌ بۆ ئەم بوارە مانگانە خەرج دەکرێت، پاش نۆ کابینە، نەوەک دەسەڵات‌و حکومەت نەیتوانیوە بچوکترین یەکەی‌ سەربازی‌ بێلایەن لە دەرەوەی‌ دەسەڵاتی‌ پارتی‌‌و یەکێتی‌ لە چوارچێوەی‌ یاساو دامەزراوەی‌ نیشیمانیدا دروست بکات، بەڵکو تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو خاڵە بچوکەی‌ چاکسازی‌ کە لە یاسای‌ چاکسازی‌ لە موچەو ئیمتیازاتەکاندا هاتوە جێبەجێ بکات، کە بریتیە لە یەکخستنی‌ ژمێریاری‌ یەکە سەربازییەکان بەتایبەت هەردو یەکەی‌ حەفتاو هەشتا لە ژمێریاری‌ سەر بە وەزارەتی‌ پێشمەرگە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کوردستان، بە هەزاران کەس لە دەرەوەی‌ یاساو وردبینی‌ دیوانی‌ چاودیری‌ دارایی‌‌و وەزارەتی‌ پێشمەرگەو بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ خانەنشینی‌ موچە وەردەگرن‌، "هیچ کەس‌و دامەزراوەیەک نازانێت ئەو پارەیە چۆن خەرج دەکرێت‌و چەندی‌ دەچێتە گیرفانی‌ کەسانی‌ شایستەو حەقیقی‌‌و چەندی‌ ناوی‌ وەهمی‌‌و بندیوارە؟".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، "تا ئێستا وەرگرتنی ئابونەی‌ حزبی‌ مانگانە بە بڕی‌ سێ هەزار دینار بەردەوامە، لە هەر یەکێکیان کە کەس نازانێت دەچێتە گیرفانی‌ کێ‌و چی‌ لێ دەکەن؟".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×