بافڵ تاڵەبانی: پێویستە پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و سعودیە بدرێت
  2021-09-12       522       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەمیانی دیداریدا لە باڵیۆزی سعودیە لە بەغدا، جەختی لە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و سعودیە كردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە عەبدولعەزیز بن خالد ئەلشەمەری، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق.

لە دیدارێکدا کە سالار عەبدولستار، وەزیری دادی عێراق و ئەمین بابا شێخ و سۆران جەمال تاهیر، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و چەتۆ ساڵح، ئەندامی سەرکردایەتی ئامادەبون، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆستایەتی نێوان هەردولا کرایەوە.

بافڵ تاڵەبانی جەختی لە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا کردەوە لە بوارە جیاجیاکاندا و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لەنێوان هەرێمی کوردستان و سعودیەی بە گرنگ وەسفکرد.

لە بەرامبەردا باڵیۆزی سعودیە باسی لە "گرنگیی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال کرد لە دروستکردن و بونیادنانی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان سعودیە و عێراق و هەرێمی کوردستان و جەختی لە گەشەسەندنی زیاتری پەیوەندییەکان کردەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×