ئێران داوا له‌كازمى ده‌كات كۆمه‌ڵه‌ و دیموكرات چه‌ك بكرێن‌و له‌عێراقیش بكرێنه‌ ده‌ره‌وه
  2021-09-13       361       

له‌ڕێگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌، كۆمارى ئیسلامی ئێران داواده‌كات هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى ئێران كه‌ ئێستا له‌هه‌رێمى كوردستانن هه‌رچى زوه‌ چه‌ك بكرێن‌و له‌عێراقیش بكرێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێرانی "ئیرنا"، عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەمیانی پێشوازیکردنی لەمستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق داوایکردوە، حکومەتی عێراق هێزە بەرهەڵستکارە کوردییەکانی ئێرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان چەک بکات‌و بۆ دەرەوەی خاکی عێراق دەریان بکات.

ئاژانسەکە لەزاری بەرپرسە ئێرانییەکەوە گواستویەتییەوە کە وتویەتی:"زیادبونی جموجۆڵی گروپە تیرۆریستییەکان لەهەرێمی کوردستان، جێگای نیگەرانیی ئاسایشی سنورە هاوبەشەکانی نێوان ئێران‌و عێراقە"، داواشیکردوە، "دەستبەجێ ئەو گروپانە چەک بکرێن‌و لەناو خاکی عێراقیش بکرێنەدەرەوە".

دوێنی یەکشەممە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەسەردانێکی فەرمیی گەیشتە تارانی پایتەختى ئێران‌و لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە پێشوازیی لێکراو له‌میانى پێشوازیكردنیشیدا لێى میوزیكى فیلمى (ڕساله‌) لێدرا كه‌ ئه‌وه‌ش وه‌ك چاودێرانى سیاسى باسیانكردوه‌، ئه‌وه‌ ڕاگه‌یاندنى جه‌نگه‌ به‌رامبه‌ر به‌عێراق.

بەرپرسانی عێراقیش ئاشکرایانکرد، کازمی لەم سەردانەدا چەند دۆسیەیەکی گرنگ کە بریتین لە؛ هاوردەکردنی وزە لەئێرانەوە، ئاسایشی سنورەکان، ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆرو ناوبژیوانیی بۆ پەیوەندییەکانی ئێران‌و سعودیە، لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیی تاووتوێدەکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×