ئەحمەدی حاجی رەشید دەڵێت: لەلایەن حزبێكی دەسەڵاتداری هەرێمەوە هەوڵی ژەهرخواردكردنی دراوە
  2021-09-13       2139       

ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەلایەن حزبێكی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستانەوە هەوڵی "ژەهرخواردكردنی دراوە"و لەلایەن دەزگای هەواڵگری عێراقەوە، گروپی پەرلەمانتارانی هیوا لەو هەوڵە ئاگاداركراونەتەوە.

ئاوێنە: ئەحمەدی حاجی رەشید، كە هاوكات كاندیدی كۆمەڵی دادگەرییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی حزبەكەی وتی، ئەو چەند پەرلەمانتارەی گروپی هیوا بێجگە لە دژایەتیكردن روبەڕوی هەوڵی تیرۆركردن و دەرمانخواردكردن بونەتەوە.

ئەحمەدی حاجی رەشید وتی"بەداخەوە دەزگای هەواڵگری عێراقی بەم چەند كەسەی گروپی هیوای وت، هەوڵێكی دەرمانخواردكردن هەیە لەناو پەرلەمانی عێراقدا بۆتان تكایە ئاگاداربن."

وتیشی"تا دوایی سەرەداواكانمان دەستكەوت سەیردەكەین هێزێكی سیاسی لە رێی پەرلەمانتارێكەوە ئەو هەوڵەی داوە."

ئەحمەدی حاجی رەشید، لەگەڵ دانانی ئەو لێدوانە ڤیدیۆییەدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك، "حزبێكی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان"ی تۆمەتباركردوە بە هەوڵی "ژەهرخواردكردنی." بەبێ ئەوەی ناوی حزبەكە بهێنێت.

ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی دادگەری لە چاوپێكەتنەكەیدا ئاماژەی بەوەشدا "جگە لەوە دواتر هەوڵی تیرۆركردنی پەرلەمانتار د. غالب محەمەد-یان دا كە لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە سلێمانی دایانە بەر چەقۆ كە بە زەحمەت دەرچو."

وتیشی"بەڵام چ گیانی من و چ گیانی د. غالب بەدەستی ئەو ستەمكارو ملهوڕانە نییە..رۆح و گیانی ئێمە بەدەستی خوای گەورەیە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×