وەزیری پلاندانان: رون‌و راشکاوبم لەگەڵتان، لەم دۆخەدا ناتوانین کەس دابمەزرێنین
  2021-09-14       960       
وەزیری پلاندانانی حكومه‌تی‌ ھەرێمی کوردستان له‌باره‌ی‌ پلانی‌ حكومه‌ت بۆ دامه‌زراندنی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌ڵیت، "رون‌و راشکاوبم لەگەڵتان، زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا کە ئێستا ھەمانە بتوانین کەس دابمەزرێنین، ئێستا بەزۆر توانیومانە موچەی ئەو موچەخۆرانە دابین بکەین".

ئاوێنه‌: دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكومه‌تی‌ ھەرێم له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ  ئاژانسی ئانادۆڵ، باسی‌ له‌چه‌ند پرسێك كردووه‌، له‌باره‌ی‌ پلانی‌ حكومه‌ت بۆ دامه‌زراندنی‌ فه‌رمانبه‌ران ڕایگه‌یاندووه‌، "رون‌و راشکاوبم لەگەڵتان زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا کە ئێستا هەمانە، ئێستا بەزۆر توانیومانە موچەی ئەو موچەخۆرانە دابین بکەین کە هەیە، بەڵام ئەگەر دۆخی دارایی باشبێت لەساڵی ٢٠٢٢ بەدڵنیایییەوە دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، دامەزراندنی ئەوانەی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرایان هەیە کە بۆئەمە کێشەی زۆرمان هەیە، دامەزراندنی پزیشکان‌و زۆرینەی سێکتەرەکانی دیکە بۆ نمونە مامۆستایانی گرێبەست‌و وانەبێژ، ئەمانە هەموی کێشەی راستەقینەی ئێمەن، بەڵام دۆخە داراییەکە لەم کاتەدا رێگای ئەوەمان پێ نادات".

له‌باره‌ی‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ پرۆژه‌ پڕۆژەیاسای بودجەی‌ 2021ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، ناوبراو ده‌ڵێت، "پرۆژەیاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان ئامادەیە، بەڵام بەشێکی سەرەکی کە تەواوکاری بوودجەی هەرێمی کوردستان دەکات ئەو بەشە بوودجەیەیە کە لە اسای بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، بەو رێژەیەی کە دیارییکرابو، ئێمە حساباتی خۆمان کردبوو کە تەواوکاری دەبێت بۆ داهاتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، پاش پابەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەحکومەتی فیدراڵیی لەسەر یاسای بودجەی فیدراڵیی ئەو پارەیەی کە پێویست بو بهاتایە دەمانتوانی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستانی پێبچێتە پەرلەمان‌و پەسەند بکرێت، بەڵام بەداخەوە لەبەر هەندێک کێشە، ئەو بەشە بودجەیە نەهات بۆ هەرێمی کوردستان، تەنها ئەوە دو مانگە سلفەیەکمان بۆ دەنێرن ئەوەش تەنها بەشی ئەوەی کرد کە لێبڕینی موچە نەهێڵین".

راشیگەیاند، "هیوامان وایە ئەو رەشنوسەی بۆ پرۆژەیاسای بودجەمان ئامادەکردووە لەسەر ئەو بنەمایە ئامادەی بکەین بۆ ساڵی داهاتوو لەساڵی ٢٠٢٢ لەهەرێمی کوردستان یاسای بوودجەمان هەبێت، بەدڵنیاییش بۆ ئەمەشیان پێویستمان بەوە دەبێت کە لە یاسای بوودجەی فیدراڵیی ئەو ماف و ئەرکانەی کە لە یاساکەدا جێگیرکراوە وەک خۆی کاری لەسەر بکرێت، ئێمە ئەوەی لەسەرمانە کردومانەو بەهیواین مافەکانیشمان لەو یاسایەدا پێبدرێت".

وتیشی، "یاسای بودجە لەو بڕوایەدانیم ئەمساڵ کاری لەسەر بکەین، بەڵام هیوام وایە لەساڵی ٢٠٢٢ بتوانین یاسای بودجەمان هەبێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×