عەرەب و توركمانی كەركوك داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن
  2021-09-15       577       

عەرەب و توركمانەكانی كەركوك دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەن بۆ ناوچەكە، پێیان وایە هێرشەكانی داعش بەكاردەهێنرێت بۆ “گۆڕینی هاوكێشەی ئەمنیی كەركوك”، داواشدەكەن هەڵبژاردنەكان بۆ چەند هەفتەیەك دوابخرێت.

ئەمڕۆ بەشێك لە نوێنەری پێكهاتەكانی عەرەب و توركمانی كەركوك لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەكیان خوێندەوە، دژی ئەگەری گەڕانەوەی پێشمەرگە بوون لە چوارچێوەی هێزی هاوبەش لەگەڵ هێزە عێراقییەكان.

عەرەب و توركمان دەڵێن، “لە ئێستادا هەوڵی بەکارهێنانی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر گوندەکانی دەوروبەری قەزاكانی داقوق و ڕەشاد دەدرێت وەك ئامادەکاری بۆ گۆڕینی هاوکێشەی ئەمنی لە پارێزگای كەركوك”.

ئەو دوو پێكهاتەیە ئەگەرێكی لەو شێوەیە بە “مەترسیدار و پێچەوانەی دەستوور و بڕیاری پەرلەمانی عێراق” و “مامەڵەی سیاسی” وەسفدەكەن، داوا دەكەن حكومەتی عێراق لەڕیگەی دەزگای دژەتیرۆر و هێزە عێراقییەكانەوە “چەتەكانی داعش لەناوببات، نەک بە هەنگاونان بۆ کاریگەریخستنە سەر دۆخی دەستووریی پارێزگای کەرکوک و جێبەجێکردنی خواستی لايەنی تر”.

عەرەب و توركمان هەڕەشەی ئەوەش دەكەن پەنا بۆ هەموو بژاردە دەستوورییەکان ببەن دژی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە.

داواشدەكەن هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بۆ چەند هەفتەیەك دوابخرێت، بە بیانووی ئەوەی “لە نووسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێشێلکاریی ئیداریی هەیە و کار بۆ ئەجێندای حزبی دەکات”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×