نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی بەریتانیا كۆبوەوە
  2021-09-15       259       

وەزیری بەرگریی بەریتانیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هه‌مو پشتگيرييه‌كى وڵاتەكەی بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ روبه‌ڕونه‌وه‌ى تيرۆردا دوپات كرده‌وه.

ئاوێنە: ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ بين واڵاس، وه‌زيرى به‌رگريى به‌ريتانيا كۆبوه‌وه‌.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ وه‌زيرى هێزه‌ چه‌كداره‌كان و باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق ئاماده‌ى بون، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر له‌ عێراق و مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعشيان تاوتوێ كردو هاوڕابون كه‌ داعش هێشتا له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه‌و جيهانيش هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌‌و هێشتا پشتگيرى و هاريكاريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌و له‌ناوبردنى، پێويسته‌.

وه‌زيرى به‌رگريى به‌ريتانيا جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى به‌شدارى و ئه‌ركى هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا كرده‌وه‌و هه‌مو پشتگيرييه‌كى شانشينى يه‌كگرتوى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕوبه‌ڕونه‌وه‌ى تيرۆردا دوپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها پێزانين و ستايشى بۆ قوربانييه‌كان و ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌و هه‌رێمى كوردستان له‌ تێكشكاندنى داعشدا، ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى به‌ريتانياو پشتگيريكردنى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا دوپات كرده‌وه‌و هاوكارييه‌ سه‌ربازييه‌كانى به‌ريتانياى به‌رز نرخاند، به‌تايبه‌تيش ئاماژه‌ى به‌ بونى ڕاوێژكاران و تيمه‌كانيان و مه‌شقكردن و ڕاهێنانيان به‌ پێشمه‌رگه كرد.

گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپاى عێراق به‌ پشتيوانيى هاوپه‌يمانان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تيرۆر، چاكسازى و هه‌نگاوه‌كان بۆ يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دۆخى ئه‌منيى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبونه‌كه‌ بون.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×