ڕۆژنامەیەکی بەریتانی پارتی بەئەشکەنجەدانی زیندانیانی بادینان تۆمەتباردەکات
  2021-09-16       571       


ڕۆژنامەیەکی بەریتانی پارتی بەئەشکەنجەدانی زیندانیانی بادینان تۆمەتباردەکات، ئاشكراشیكردوه‌، 72 ڕۆژنامەنوس‌و چالاکی دەستگیرکراو لەزیندانەکانی هەولێر، لەلایەن بەرپرسە ئەمنییەکانی سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕوبەڕوی ئەشکەنجەدانی جەستەیی‌و دەرونیی بونەتەوە.

میدیا جیهانییەکان گرنگییەکی زۆر بەکەیسی زیندانیانی بادینان‌و مامەڵەی نایاساییانەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەو زیندانیانە دەدەن، لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژنامەی "مۆڕنین ستار"ی بەریتانی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی مانگرتنی ڕۆژنامەنوس‌و چالاکانی بادینان لەزیندانەکانی هەولێر کردوەو جەختیشیکردۆتەوە کە ئەوکەسانە ڕوبەڕوی چەندینجۆر ئازارو ئەشەکەنجەدان بونەتەوە.

لەوبارەیەوە ئەیهان سەعید قسەکەر بەناوی کەسوکاری زیندانیان بەڕۆژنامە بەریتانییەکەی وتوە، "لەشەشی ئەیلولەوە کەسوکارە دەستگیرکراوەکانیان مانیان لەخواردن گرتوەو مافە بنەڕەتییەکانیان لێ زەوتکراوە".

ڕونیشیکردۆتەوە، زیندانیکراوەکان دۆخیان "زۆر خراپە"، هەروەک داواشی لەنەتەوەیەکگرتوەکان‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و پەڕلەمانی هەرێم‌و ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ‌و باڵیۆزو کونسوڵخانەکان لەهەولێرو بەغدا کردوە سەردانی زیندانییەکان بکەن‌و گوشار لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دروستبکەن تاوەکو مافە یاساییەکانیان بۆ دەستەبەر بکەن.

سەعید وتویەتی:"ئەوان بێتاوانن‌و لەسەر بۆچونی جیاواز دەستگیرکراون، ئەمەش مەترسی لەسەر پرۆسەی دیموکراتیی هەرێم دروستدەکات‌و زیان بەناوبانگی دەگەیەنێت".

مۆڕنین ستار ئەوەشی وتوە، دەیان ڕۆژنامەنوس‌و چالاکوانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی دژ بەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، کە ئەم ناڕەزایەتیانەش گوزارشت بوە لەو توڕەییەی کە لەهەرێمی کوردستان بەرامبەر بەبڵاوبونەوەی گەندەڵیی‌و نەدانی موچەی فەرمانبەران دروستبوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ‌و گروپەکانی بواری ئازادی ڕۆژنامەگەریی ڕەخنەیان لەو هەڵمەتە گرتوە کە لەدوای هاتنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت دژ بەهێزە بەرهەڵستکارەکان لەهەرێمی کوردستان دەستیپێکردوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×