شارەوانی ناوچەی "شالپازاڕ"ی سەربە پارێزگای ترابزون-ی تورکیا لەسەر دروستکردنی کڵاو بۆ "هاوپەیمانی کوردستان" کارگەیەکی داخست و کڵاوەکانیشی سوتاند، خاوەنی کارگەکەش دەڵێت: لەسەر دروستکردنی کڵاوەکان دەستیان بەسەر کارگەکەمدا گرتوە.
ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تیمەکانی شارەوانی شالپازاڕ هەڵیانکوتایە سەر کارگەیەکی بەرهەمهێنان و چاپکردنی جلوبەرگ و دەستیان بەسەر کارگەکەدا گرت.
کارگەکە کڵاوی بۆ هاوپەیمانی کوردستانی دروستکردوە، سەرجەم ئەو کڵاوانەشی لەلایەن کارگەکەوە دروستکرابون، سوتێندران، کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دروستکراون.
عومەر ئۆزدەمیر، خاوەنی کارگەکە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هەڵكوتانە سەر کارگەکەی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، کە شارەوانی بەهۆی دروستکردنی ئەو کڵاوانەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر کارگەکەی و سەرجەم کڵاوەکانیان سوتاندوە، وتوشیەتی: ئێمە لە چوارچێوەی یاسادا کاری بەرهەمهێنان دەکەین و لەسەر داوای هاوپەیمانی کوردستانیش ئەو کڵاوانەمان دروستکردوە، کە ئەوەش هەلی کار بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دابیندەکات.