پارتی لە كەركوك: لەم هەڵبژاردنەدا دۆخی كورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان باش نییە
  2021-09-16       1044       

وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک- گەرمیان ی پارتی ڕایدەگەیەنێت، لەکاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە کەرکوک، هێرش ناکەنە سەر هیچ لایەنێکی کوردی و بۆ ئەو مەبەستە ڕێنماییان بۆ هاتوە، چونکە دۆخی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان باش نییە.

ئاوێنە: عەدنان كەركوك، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند"پارتی لە کەرکوک تەنها دو کاندیدی هەیە، کاندیدێک لەبازنەی یەک و کاندیدێک لە بازنەی دو، کار بۆ سەرخستنیان دەکەین."

وتەبێژەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک ڕونیکردەوە، تا ئێستا بارەگایان بۆ کەرکوک نەبردوەتەوەو بەفەرمی بۆ ئەو شارە نەگەڕاونەتەوە، بەڵام نوسینگەیان بۆ بانگەشە کردن داناوە، وتی "بۆ گەڕانەوەی بارەگاکانمان لە گفتوگۆداین لەگەڵ حکومەتی عێراق، دەمانەوێت سەربەرزانە و شکۆمەندانە بگەڕێینەوە."

جەختیکردەوە "عەرەب و تورکمان داوای هەفتەیەک دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکوک دەکەن، بەبیانوی گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەمە خۆی بە خۆی ترسیان نیشاندەدات لەگەڕانەوەی پارتی."

عەدنان کەرکوکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک- گەرمیان ی پارتی، ڕونیکردەوە حیزبەکەی لە کەرکوک تەنها بانگەشە بۆ کاندیدەکانی و بەرنامەی حیزبەکەی بۆ خەڵک ڕوندەکاتەوە لەکاتی بانگەشەدا، هێرش ناکەنە سەر هیچ لایەنێکی کوردی و ڕێنماییان بۆ ئەم مەبەستە بۆ هاتوە، وتی "چونکە وەزعی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان باش نییە، ئەو هەمو میلیشیایەی ناو کەرکوکدایە، ئاستەنگن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×