كەمال چۆمانی
چەند رۆژێک لەمەوبەر لەبارەی کەیسێکی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ ئاگادارکرامەوە. لەگەڵ دو سێ هاوڕێ بەدواداچونمان کرد و ئەوەی خوارەوە ئەنجامی بەدواداچونەکەمانە کە پێویستە بەزوترین کات داواکاری گشتیی، دەستەی مافی مرۆڤ، پارلەمانی کوردستان، حکومەت و یەکێتی و پارتی وەڵامیان هەبێ و ئێمەش لای خۆمانەوە فشار بکەین بۆ گێڕانەوەی ماف بۆ ستەملێکراوان.
شەوكەت محەمەد تاهر، ئەندامی لیژنەی پارتی دیموكراتی كوردستان بو لە قەزای شێخان سەر بە لقی پارتی لەو شارە.
بەپێی بەدواداچونمان و قسەکردن لەگەڵ بنەماڵەکەی، شەوكەت وەك مۆختاری گوندی مالیشان و كادری پارتی لە هەڵبژارنی ۲٠۱۳ بۆ ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق، یەکێک بو لە سەرپەرشتیارانی کەمپینی هەلبژاردنی پارتی لەو ناوچەیە، لە گیرفانی خۆی نزیكەی ۸٠ هەزار دۆلار سەرفکردبو بەڵام پارتی یەك دیناری بۆ نەگەڕاندوە.
وەك زانیارییەکانمان پشتڕاستیدەکەنەوە، دوای چەندین جار گلەییکردن لای عەلی عەونی، جارێك فازل میرانی دەچێتە لقی شێخان و بەڵێنی دا هەرچی لە توانایاندا دا بێت هاوکاریی بكەن، بەڵام بەڵێنەكەیان نەبردەسەر. جارێكی دیكە هۆشیار زێباری هاتە دهۆك و لە هۆتێل ریكسۆز شەوکەت دەبینێ و پێیدەڵێت: نێچیرڤان دێتە دهۆك لە هۆتێل ژیان لەگەڵی دابنیشەو ئەو هاوكاری ئێوە دەكات، بەڵام ئەو بەڵێنەش راست نەبو.
بۆیە تا دوای ریفراندۆم شەوکەت چەندین جار داوا لە هەمو بەرپرسێكی پارتی دەکات تا هاوكارییان بکات و پارەکەی بۆ بگەڕێننەوە، کاتێک بێهیوا دەبێت، بڕیاردەدات ببێتە یەکێتی.
كاتێك یەكێتی هەڵوێستی شەوکەت دەزانێت، جارێك سەعدی ئەحمەد پیرە لەگەڵ حاجۆ و فەخری شەرەفانی، كە دو كەسایەتی یەكێتین لە ناوچەكە سەردانی دەکەن و شەوکەت بڕیاردەدات ببێتە یەکێتی.
دواتر شەوکەت لە ٢٠١٨ سەردانی سلێمانی دەکات، دوای گەڕانەوەی، پاراستنی پارتی پێی دەزانێت و دەیڕفێنن. تا ئەو ماوەیە کەس نازانێت لە کوێیە، دواتر بنەماڵەکەی دەزانن هێشتا لە ژیاندا ماوە، داوای بینینی دەکەن بەڵام رێیان پێ نادرێت.
دواتر دو نامە دەنێرن بۆ مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی-هەردو نامەکە هاوپێچ کراون- و داوای ئازادکردنی دەکەن، دیسان بێ وەڵام دەمێننەوە.
ئێستا شەوکەت لە زیندانەو لە ٢٠١٨ەوە رفێندراوە بێئەوەی تەنانەت هیچ جارێکی برابێتە دادگا.
پارتی پێی وتوە ئەو "خیانەتی نیشتیمانی" کردوە کە بۆتە یەکێتی.
خوتان دەزانن ئەگەر کەسێک لە دەڤەری بارزان و بادینان پارتی بوبێت و بیەوێت ببێتە یەکێتی، توشی ئەو زەحمەتییانە دەبێتەوەو پارتی دەیەوێت شەوکەت بکاتە وانەیەک بۆ ئەوانیدیش.
ئێستا شەوکەت تەنها هیوای بە ئازادیخوازان هەیە کە فشارێک بکەن و مافەکانی بۆ بگێڕنەوە، تکایە هەرجۆرێک فشار پێت باشە، درێغی مەکە، تەنانەت ئەگەر بە پۆستێکیش بێت بۆ گێڕانەوەی ماف بۆ ئەو ستەملێکراوە.
لە کۆتاییش پێویستە بیر یەکێتی بخەینەوە کە بەرپرسیاری ئەخلاقیی ئەو حیزبەیە کە داوای ئازادکردنی بکا چونکە بە هۆی پەیوەندیکردن بەو حیزبەوە ئەو کارەساتەی بەسەرهاتوە.