2021-09-17   323     
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بەکۆبونەوەی لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاو ئاشکرای کرد کە لەکۆبونەوەکەدا چەند بابەتێکی گرنگیان تاوتوێ کردووە.
ئاوێنه: لهمیانهی سهردانهكهیدا بۆ ئهو وڵاته، ئهمڕۆ ههینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاکۆبوەوە.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆبونەوەی لەگەڵ بۆریس جۆنسن لەهەژمارەکانی لەتۆڕه کۆمەڵایەتییهكان نوسیویەتی، "خۆشحاڵ بوم کە ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لەندەن کۆبومەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، لەکۆبونەوەکەدا چەند بابەتێکی گرنگیان تاوتوێ کردووە وەک پەیوەندییهكانی بەریتانیاو ھەرێمی کوردستان، ھەڕەشەی تیرۆرو سەقامگیریی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "سوپاسی سەرۆکوەزیران دەکەم بۆ پشتگیریی بەڕێزیان بۆ پتهوكردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق بهتایبهتی لهبواری ئابوریدا".
رۆژی چوارشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە لەندەن پایتەختی بەریتانیاو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن و وەزیری نوێی دەرەوە، لیز ترەس و وەزیری بەرگریی، بێن واڵاس و سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردان، لۆرد جۆن مەکفال و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، جۆن مێجەر و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە کۆبوەوە.