کۆمیسیۆن: رێگە بەهیچ دەنگدەرێک نادرێت مۆبایلی زیرەک بباتە ناو بنکەکانی دەنگدانەوە
  2021-09-17       335       
جومانە غەلای
به‌ئامانجی‌ پاراستنی‌ "نهێنی دەنگدان" له‌لایه‌ن ده‌نگده‌ره‌وه‌، کۆمیسیۆنی باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا رێگە بەهیچ دەنگدەرێک نه‌دەن مۆبایلی زیرەک لەگەڵ خۆی بباتە ناو بنکەکانی دەنگدانەوە.

ئاوێنه‌: جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ هەینی، به‌میدیاكانی‌ راگەیاندووه‌، کۆمیسیۆن بڕیاریداوه‌ لەڕۆژی‌ دەنگداندا رێگە بەهیچ دەنگدەرێک نەدرێت مۆبایلی زیرەک لەگەڵ خۆی بباتە ناو بنکەکانی دەنگدانه‌وه‌، ئەو بڕیارەش بۆ پاراستنی ویستی دەنگدەرو نهێنی دەنگدانە.

بڕیاره‌ 10ی مانگی داهاتو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، له‌ئێستادا له‌سه‌رتاسه‌ری‌ عێراقدا كاندیدی‌ سه‌رجه‌م حیزب لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكان بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنیان ده‌ستپێكردوه‌.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌و له‌باره‌ی‌ ده‌نگۆی‌ كڕینی‌ كارتی‌ ده‌نگدان له‌لایه‌ن كاندیده‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ده‌ڵێت، "ئەوەی لەملاو ئەولا دەبیستین لەبارەی فرۆشتنی کارتی دەنگدان لەلایەن بەشێک لەهاوڵاتیان، نازانم چۆن دەیانکڕن چۆن بەکارییان دێنن، چونکە کۆمسیۆن کۆمەڵێک رێکاری توندی بۆ دەنگدان داناوە".

لەبارەی چاودێرانی هەڵبژاردنیشەوە، دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف وتی‌، 130 چاودێری سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان، چاودێری هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن‌و بەچاودێرانی ناوخۆییشەوە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 880 کەس.

وتیشی، "نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریداوە بەناردنی چاودێران، ژمارەیان 130 کەسە، هەروەها 150ی دیکەش زیادکراون، پێموایە لەوانەیە نزیکەی 600 چاودێری ناوخۆییش هەبن، کۆی گشتی 880 چاودێر دەبن، بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە بەسەر نوسینگەکانمان دابەش دەکرێن".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×