ئەنجامی هەڵبژاردن لە کەرکوک!
  2021-09-17       844       

دڵشاد ئەنوەر

دوای بەدواداچوون و بینینی هەندێک لە دەنگدەرانی کەرکوک و بەرپرسانی پێکهاتەکان ( کورد، عەرەب، تورکمان)، ئەتوانم بڵێم، تاڕادەیەک بەرچاوم ڕوونە و بەرمەبنای بەدواداچوونەکانیش، دەکرێت پێشبینی یاخود خوێندنەوە بۆ دۆخی هەڵبژاردن و پێشبینی بۆ چۆنیەتی دابەشبوونی کورسیەکانی پەرلەمانی عێراق بەسەر پێکهاتەکاندا لەو پارێزگایە بکەین.

دەنگدەری هەر سێ پێکهاتەکە توڕەن، ناڕازین، حیزبەکان تۆمەتبار دەکەن بە خراپی دۆخی شارەکەیان، حیزبەکانیش ئۆباڵی کێشەکان دەخەنە ئەستۆی حکومەت و ئیدارەی شارەکە، بەڵام لە ڕاستیدا هەردوولایان و هەریەکەو بەقەبارەی خۆی، بەرپرسیارێتی خراپی دۆخەکەیان لە ئەستۆدایە، بەتایبەت کێشمەکێشی نێوان لایەنە کوردی و عەرەبی و تورکمانیەکان لەلایەک، کێشمەکێشی نێوان ئیدارەی کەرکوک و ئەو لایەنانە لە لاکەی تر، بەشێکی سەرەکی کێشەکانن.

گومانی تێدا نیە، توڕەیی خەڵک کاریگەری دەبێت لەسەر ڕێژەی بەشداریکردن لە ڕۆژی دەنگداندا، بەڵام جۆشدانی سۆزە قەومیەکە لەلایەن لایەنەکانەوە، ڕەنگە بەشێک لە توڕەکانیش بباتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەو پێ یەی دۆخی کەرکوک، لە هەرێم و ناوچەکانی تری عێراقیش جیاوازترە.

 

عەرەب !
لەم هەڵبژاردنەدا، دۆخی عەرەبی سونە لە کورد و تورکمانیش باشترە، بەو پێ یەی تەنها پێکهاتەیە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی کورسیەکانی زیاد بکات.
عەرەبی سونە لەهەڵبژاردنی پێشتردا، لە ١٢ کورسیەکەی کەرکوک، ٣ کورسی بەدەستهێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا، تەنها لە بازنەی سێ، کە ڕۆژاوای کەرکوک و حەویجە دەگرێتەوە، ٣ کورسیەکەی گەرەنتی کردووە.
ململانێ یەکی قورس چی لە ڕووی عەشایەری و چی لەڕووی سیاسیەوە، لە نێو عەرەب دا هەیە، لە ڕووە سیاسیەکەوە، لەنێوان عەزمی خەمیس خەنجەر و حەلبوسی، لە ڕووە عەشایەریەکەشەوە، لە نێوان جبور و عوبێددا هەیە، بەڵام ململانێکە چەند توند بێت، دواجار ٣ کورسیەکەی حەویجە هەر بۆ عەرەبە.
٣ کورسیەکەی حەویجە، دوو پیاو و ژنێک دەیانبات، ڕاکان جبوری پارێزگار و محەمەد تمیمی سەرۆکی کوتلەی کوتلەکەی حەلبوسی و وەسفی عاسی کەسایەتی دیاری عەشیرەتی عوبێد، بەهێزترین کاندیدن بۆ ئەو دوو کورسیە، ساهیرە جبوری و تەحریر عوبەیدیش، یەکیان کورسیە کۆتاکەی حەویجە دەبات.
واتە عەرەب ٣ کورسیەکەی جاری پێشووی تەنها لە حەویجە زەمان کردووە، لە بازنەی دووی هەڵبژاردنیش، ٤ کورسی بۆ دانراوە کە بەشێک ناو شاری کەرکوک و باشوری شارەکە دەگرێتەوە، دەنگدەری عەرەب زۆرەو لانیکەم پێشبینی دەکرێت کورسیەکی ئەم بازنەش ببات.
عەرەب لە بازنەی دوو زۆر پەرتەوازەیە و کاندیدی زۆر و پەرت و بڵاوە، دەنگەکانی دابەش دەبێت، ئەم پەرتەوازەییە نەبایە، پێشبینی بردنی دوو کورسیشی بۆ دەکرا، لە چوار کورسیەکەی بازنەی دوو.
تەنانەت هەر پەرتەوازەیش بۆ بازنەی یەکیش کە سنوری کوردەکان دەگرێتەوە، دیسانەوە زەربەی لە عەرەب داوە، چونکە بە پێی هەندێک ئامار، ١١٪ ی دەنگدەری عەرەب لەم ناوچانەش هەن.
بەم پێ یە، جگە لە ٣ کورسیەکەی حەویجە، پێشبینی دەکرێت، عەرەب کورسی چوارەمیش لە بازنەی دوو ببات و خالد مەفرەجی چانسی بردنی ئەم کورسیەی هەیە، بەم پێیە، چاوەروان دەکرێت، عەرەب کورسیەکانی لە ٣ کورسیەوە بکاتە ٤ ، خۆ گەر موفاجەئەش ڕووبدات، ڕەنگە وەزعیشی باشتر بێت.

 

تورکمان
پێکهاتەی تورکمان لەم هەڵبژاردنەدا، بەراورد بە کورد و عەرەب لە خراپترین دۆخدایە، بەو پێ یەی پێشبینی ناکرێت ژمارەی کورسیەکانی زیاد بکات و ئەگەری لەدەستدانی کورسیەکیشی هەیە، کە جاری پێشوو ٣ کورسی هەبوو.
تورکمان لە بازنەی یەک و سێ دەنگدەری نیە، بازنەی دوو قوڵایی دەنگیەتی، واتە لە ١٢ کورسیەکەی کەرکوک، تورکمان لە ئێستاوە ٨ کورسی لەدەستچووە، لەگەڵ کوردو عەرەبدا و لەبازنەی دوو، ڕکابەری لەسەر ٤ کورسی دەکات.
بۆیە هەموو پێشبینیەکان بۆ ئەوەن، تورکمان مەگەر موفاجەئە بخوڵقێنێت، ٣ کورسیەکەی جاری پێشوو بباتەوە، ئەگینا پێشبینی ٢ کورسی بۆ دەکرێت.
جیا لەوە ناوخۆی تورکمان توشی دابەشبوون بووە، بەسەر شیعەو سونەدا، سونەکان جەبهەی تورکمانی نوێنەرایەتیان دەکات و نێو جەبهە کاندیدێکی شیعەشی تێدایە، شیعەکانیش زیاتر لایەنگری کاندیدی لایەنە شیعەکانن.
ئەرشەد ساڵحی وەکو کاندیدی بەرەی تورکمانی دەرچوونی مسۆگەرە، کاندیدی فەتحیش، کە غەریب تازەلیە، چانسی دەرچوونی هەیە، بەرەی تورکمانی کار بۆ دەرچواندنی سەوسەن جەدوعیش دەکات.
واتە بەرەی تورکمانی لەهەمووو حاڵيکدا لەزەرەردایە، جاری پێشوو سێ کورسی هەبووە، ئێستا ترس هەیە لەوەی نەک سێ کورسیەکە نەباتەوە، بەڵکو لەو دوو کورسیەش کە چانسی بەدەستهێنانی هەیە، یەکیان بڕوات بۆ کاندیدە شیعە تورکمانەکەی فەتح و کورسیەکی بۆ بمێنێتەوە.
خاڵی لاوازی بەرەی تورکمانی ئەوەیە، جیا لەوەی تورکمانە شیعەکان خەریکن کورسی لەگەڵ بەش دەکەن، لە نێو خودی خۆشیدا کێشە هەیە، لە نێوان ئەرشەد ساڵحی و حەسەن تۆران، کە تۆران ئیخوانی و ساڵحی کەمالیستە.
ئینجا حەسەن تۆران هەوڵی خستنی ساڵحی دا و کاندیدێکی بەناوی دکتۆر موراد لەبەرامبەری دانا، بەڵام پێگەی جەماوەری ئەرشەد بەهێزبوو، پێی نەکرا، ترسیێکی تریش ئەوەیە، هەموو دەنگەکان بۆ ئەرشەد بڕوات و کاندیدی تریان دەنگ نەهێنێت.
واتە گەر تورکمان زۆر وەزعی باشیش بێت، قازانج ناکات، هەر ٣ کورسی پێشتر دەهێنێتەوە، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە، دوو کورسی ببات، دووکورسیەکەش، یەکیان بۆ شیعەو یەکیانبۆ سونە بێت، واتە لێرەشەوە پەرتبوون ڕوو دەدات.

 

کورد
کورد لەکەرکوک، جاری پێشوو ٦ کورسی بردەوە، پێشبینی ناکرێت ژمارەی کورسیەکانی لەم هەڵبژاردنەدا زیاد ببێت، گەر زۆر زۆر وەزعی باشبێت، هەر ٦ کورسیەکە دەهێنێتەوە، لە کاتێکدا ترسێکی گەورە هەیە، کورسیەکیش لەدەست بدات.
کورد وەک پێکهاتەکانی تر پەرتەوازە و فرە کاندیدە، ڕەنگە ٥ کورسیەکەی بازنەی یەک ببات، بەڵام بەدەستهێنانی کورسی شەشەم لە بازنەی دوو، کەمێک زەحمەتە، بەو پێ یەی بازنەی حەویجە بۆ عەرەب یەکلایی بووەتەوە کە ٣ کورسیە، بازنەی دووش ٤ کورسی تیایە، کە کورد دەبێت یەکێک لەم ٤ کورسیە ببات، تا کورسیەکانی ببێتە شەش.
لە بازنەی دووەم لە ٤ کورسیەکە، ٢ ی تورکمان دەیبات، عەرەبیش یەکێکی، دەمێنێتەوە کورسیەکەی تر، کە کورد چانسێکی هەیە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە، پارتی و یەکێتیش کاندیدیان بۆ داناوە، بۆیە کورد چەنێک چانسی بردنی کورسی شەشەمی هەیە، هێندەش بەدوور نازانرێت لەدەستی بدات.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×