دەزگای زانیاری: تاوانباری تاوانەكانی چەند رۆژی رابردو دەستگیركرا
  2021-09-18       1483       

ئەژی ئەمین، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری رایگەیاند، تاوانباری تاوانەكانی چەند رۆژی رابردو دەستگیركرا.

ئاوێنە: ئەژی ئەمین، كەمێك لەمەوبەر لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"تاوانبارى تاوانەکانى چەند رۆژی رابردو دەستگیرکرا و راپێچى بەردەم یاسامان کرد."

وتوشیەتی"بەزوترین کات بەڵگە و دانپێدانان دەخەینە بەردەم ڕاى گشتى. ڕیسوایى بۆ تێکدەرانى ناوماڵى کورد، دەستخۆشی بۆ شێرەکوڕانی ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلیس."

هەرچەندە بەرپرسی دەزگای زانیاری ئەو تاوانانەی چەند رۆژی رابردوی دیاری نەكردون، بەڵام قسەكەی وەك ئاماژەیە بۆ كوژرانی بەرپرسێكی پەكەكەو برینداركردنی پەنابەرێكی باكوری كوردستان، لە دو رۆژی رابردودا.

سەعات 9ی سەرلەبەیانی دوێنێ هەینی، لە گەڕەكی چوارچرای شاری سلێمانی، شوكری سەرحەد، ئەندامی كۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەكەكە تیرۆركرا.

هەر دوێنێ كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە رایگەیاندبو كە توركیا ماوەی دو رۆژە لە شارس سلێمانی هێرش دەكەنە سەر نیشتمانپەروەرانی باكوری كوردستان و هەڤاڵانی پەكەكەو رۆژێك بەر لە تیرۆركردنی شوكری سەرحەد، لە شوێنی كارەكەی هێرشكراوەتە سەر نیشتمانپەروەری کورد فەرهات بارش کۆندو کە پەنابەرێکی سیاسی باکورە.

شەوی رابردو بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر لەبارەی "روداوە نەخوازراوەکانی 48 کاتژمیری رابردوی شاری سلێمانی" رایگەیاندبو كە "بەپاڵپشتی دۆکۆمێنت و زانیاری تایبەت سەرەداوی وردمان دەربارەی ئەو ڕوداوانە دەستکەوتووە، پاش یەکلاکردنەوەو پشتڕاستکردنەوەیان بەبەڵگەوە بۆ ڕای گشتیی کوردستان بڵاویاندەکەینەوە."

هەر دوێنێ دوای كوژرانی بەرپرسەكەی پەكەكە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا وتی"بە‌توندی ئیدانە‌ی تیرۆركردنی (شوكری سە‌رحە‌د) دە‌كە‌م، كە‌ ئە‌مڕۆ هە‌ینی ١٧/٩‌، لە‌ سلێمانی تیرۆر كرا."

وتبوشی"داوا لە‌لایە‌نە‌ ئە‌منییە‌كان دە‌كە‌م، شە‌و و رۆژ بخە‌نە‌ سە‌ر یە‌ك لە‌پێناو دە‌ستگیركردنی تاوانباران و رادە‌ستكردنیان بە‌دادگا بۆ ئە‌وە‌ی سزای یاسایی خۆیان وە‌ربگرن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×