توركیا نۆ كۆچبەری رۆژهەڵاتی كوردستانی دیپۆرتی سوریا كردون
  2021-09-18       315       

زیاتر لە سێ هەفتەیە توركیا نۆ كۆچبەری رۆژهەڵاتی كوردستانی دیپۆرتی سوریا كردون و ئێستا لای سوپای ئازادی سوریا، كە هێزێكی نزیك لە توركیایە، دەستبەسەرن و "لەبەرامبەر ئازادکردنی هەر یەکێكیاندا داوای 10 هەزار دولار دەکات."

ئاوێنە: بەپێی قسەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو نۆ كۆچبەرە، خەڵكی شارۆچكەی پاوەی رۆژهەڵاتی كوردستانن و رۆژی 21ی مانگی رابردو لە دارستانێكی دەوروبەری ئیستانبوڵ دەستگیركراون.

بەپێی قسەی هەنگاو، ئەو نۆ كۆچبەرە كوردەی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوەكانی (بەهمەن شادرەوان، مەسعود حەیدەری، سەعید ئەحمەدی، دەماوەند پاکسرشت، ئەفشار رۆستەمی، هیدایەت روخزادی، ئارمان رەشیدی، موبین وەلەدبەگی و فەردین دەروێشپور)، لەدوای چوار رۆژ لە دەستبەسەركردنیان لە توركیا، لە گەڵ 54 كۆچبەری دیکەی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە دیپۆرتی سوریا کراون.

ئەو کەسەی کە بڕیار بوە كۆچبەرەكان لە تورکیاوە بگوازێتەوە بۆ وڵاتی ئیتالیا، لە لێدوانێکدا بۆ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا، رایگەیاندوە، هەر نۆ كۆچبەرەكە گوازراونەتەوە بۆ کەمپێک لە شاری عەزاز-ی سوریاو دراونەتە دەستی هێزەکانی سوپای ئازادی سوریا، كە هێزەكی نزیكە لە حكومەتی توركیاوە.

ئەو كەسە وتوشیەتی، كۆچبەرە عێراقییەکان کە ژمارەیان 54 كۆچبەر بوە، بە یارمەتی حکومەتی هەریمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئازاد کراون و گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.

موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە یەکێک لەو کەسانە بوە هەوڵی ئازادکردنی كۆچبەرەكانی داوە، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندوە، ئەوان تەنیا توانیویانە کار بۆ ئازادکردنی ئەو كۆچبەرانە بکەن کە خەڵکی عێراقن و لە روی یاساییەوە دەسەڵاتی ئەوەیان نەبوە کوردەکانی ئێران ئازاد بکەن.

ئەفشین رۆستەمی، برای یەکێک لە كۆچبەرەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندوە، ئەو 9 کەسە لە ئیستادا لەلایەن سوپای ئازادی سوریاوە دەستبەسەرن.

ناوبراو وتوشیەتی، بەپێی قسەی کەسێکی نزیکیان کە دانیشتوی سوریایە، سوپای ئازادی سوریا لەبەرامبەر ئازادکردنی هەر یەک لە كۆچبەرەكان داوای 10 هەزار دولار دەکات.

بەشی فارسی دەنگی ئەمریكا، ئاشكرایكردوە كە خێزانی كۆچبەرەكان لە رێگای کەسێکی سەر بە حکومەتی ئێرانەوە کەوتونەتە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی كۆچبەرە دەستبەسەرەكراوەكان.
دەنگی ئەمریكا، ئەوەشی وتوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە خێزانەکانی راگەیاندوە کە پڕۆسەی ئازادکردنی كۆچبەرەكان لە مانگێک بۆ سێ مانگ دەخایەنێت.


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×