ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سلێمانی: تاوانباری سەرەكی كوشتن و برینداركردنی دو ئەندامی پەكەكە دەستگیركرا
  2021-09-18       1024       

ژوری ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تاوانباری سەرەكی دو كردەوەكەی دو رۆژی رابردوی شاری سلێمانی یەك كەس بوەو دەستگیركراوە. كردەوەكان یەكەمیان برینداركردنی پەنابەرێكی سیاسی باكوری كوردستان و ئەویدیكەیان كردەوەی كوشتنی بەرپرسێكی پەكەكە بو.

ئاوێنە: ‌ژوری ئۆپە‌راسیۆنێكی ھاوبە‌ش لە پارێزگای سلێمانی، كە لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاریو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی پێكهێنراوە بەمەبەستی لێكۆڵینەوەو گەڕان بەدوای تۆمەتبارانی دو كردەوەكەی دو رۆژی رابردوی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، راگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"پاش چڕكردنە‌وە‌ی ھە‌وڵە‌كان، توانرا لەماوەی كەمتر لە ٢٤ سەعاتدا پیلانە‌كە‌ ئاشكرا بكرێت و تاوانباری سە‌رە‌كی ئەو دو كردەوەیە دەستگیر بكرێت دو كردەوەكەش، یەكە‌میان رۆژی ۱٦ی ئەیلول رویداو تێیدا كە‌سێك بریندار بو. دوە‌میان رۆژی ۱۷ی ئەیلول رویداو تێیدا كە‌سێك تیرۆر كرا."

بەپێی راگەیەندراوەكە "تۆمەتبارە‌كە‌ش راپێچی دادگا كرا تاوە‌كو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت."

ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی وێنەیەكی تۆمەتبارەكەی بڵاوكردۆتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەكی لەبارەی ناسنامەی ئەو تۆمەتبارەوە نەدركاندوە.

سەعات 9ی سەرلەبەیانی دوێنێ هەینی، لە گەڕەكی چوارچرای شاری سلێمانی، شوكری سەرحەد، ئەندامی كۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەكەكە تیرۆركرا.

هەر دوێنێ كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە رایگەیاندبو، توركیا ماوەی دو رۆژە لە شاری سلێمانی هێرش دەكاتە سەر نیشتمانپەروەرانی باكوری كوردستان و هەڤاڵانی پەكەكەو رۆژێك بەر لە تیرۆركردنی شوكری سەرحەد، لە شوێنی كارەكەی هێرشكراوەتە سەر نیشتمانپەروەری کورد فەرهات بارش کۆندو کە پەنابەرێکی سیاسی باکورە.

هەر ئەمڕۆ ئەژی ئەمین، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری رایگەیاند"تاوانبارى تاوانەکانى چەند رۆژی رابردو دەستگیرکراو راپێچى بەردەم یاسامان کرد."

ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوەكەیدا جەختی كردۆتەوە كە "سلێمانی شاری ئارامییە بۆ هەموان بێ جیاوازی و ئاسایش و ئارامی شارو هاوڵاتییانیش پارێزراوە."

دەقی راگەیەندراوەكە...

راگە‌یەندراوێك لە‌ژوری ئۆپە‌راسیۆنێكی ھاوبە‌شە‌وە‌ لە پارێزگای سلێمانی

لەسەر راسپاردەی بە‌ڕێز قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ژورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێكهێنرا لەدەزگای ئاسایشی هەرێم و ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری و بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی ئاسایشی پاریزگای سلێمانی و بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی گشتی دژە تیرۆرو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، بەمەبەستی لێكۆڵینە‌وە‌ و گەڕان بەدوای تۆمەتبارانی دو كردەوەكەی دو رۆژی رابردو. پاش چڕكردنە‌وە‌ی ھە‌وڵە‌كان، توانرا لەماوەی كەمتر لە ٢٤ سەعاتدا پیلانە‌كە‌ ئاشكرا بكرێت و تاوانباری سە‌رە‌كی ئەو دو كردەوەیە دەستگیر بكرێت دو كردەوەكەش،
_ یەكە‌میان رۆژی ۱٦ی ئەیلول رویداو تێیدا كە‌سێك بریندار بو.
_ دوە‌میان رۆژی ۱۷ی ئەیلول رویداو تێیدا كە‌سێك تیرۆر كرا.

تۆمەتبارە‌كە‌ش راپێچی دادگا كرا تاوە‌كو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت.

لێرە‌وە‌ بەهەمو لایەكی رادەگەیەنین كەسلێمانی شاری ئارامییە بۆ هەموان بێ جیاوازی و ئاسایش و ئارامی شارو هاوڵاتییانیش پارێزراوە.

-دەزگای ئاسایشی هەرێم و ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری.
-بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی ئاسایشی پاریزگای سلێمانی.
-بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی گشتی دژه تیرور.
-بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی.
١٨ی ئە‌یلولی ٢٠٢١


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×