عەبدوڵای موهتەدی: هۆکاری سەرەکی گۆڕین و گۆڕانکاری لەئێران خەڵكە
  2019-06-04       2740       



عەبدوڵای موهتەدی، سكرتێری كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران رایدەگەیەنێت هۆکاری سەرەکی گۆڕین و گۆڕانکاری لە کۆماری ئیسلامی ئێران خەڵكە، بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کەس نازانێت کەی سەرهەڵدەدەن یان کەی دەنیشنەوە یان ڕێک بە پێی کام سیناریۆ دەچنە پێش و کەسیش ناتوانێت پلانی وردی بۆ دابڕێژێت، ئەمانە لە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوری و ناوخۆیی و نێونەتەوەییدان.


ئاوێنە: عەبدوڵا موهتەدی لەمیانی وتووێژێكی لەگەڵ  ڕادیۆی "کورد تریبوناڵ" و لەوە ڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ڕۆڵی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە ئێران لە پێوەندی لەگەڵ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە دێمۆکراسی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئەو وتی " یەکێک لە خراپترین هەڵاواردنەکان کە لە ئێران بوونی هەیە ڕێک ئەم هەڵاواردنە نەتەوەیی و ئاینیانەیە. نەتەوەکانی ئێران و پێڕەوانی ئاین و ئایینزا جیاجیاکان کە لە ژێر ستەم دان، زیاتر لە هەمووان لە نەبوونی دیمۆکراسی، هەڵاواردن، سەرکوت و لەم توتالیتاریزمە ئاینییە زیان دەبینن، هەر بەم پێیە لۆژیکییەن ئەوان دەبێت لەوانی دیکە خۆیان زیاتر بە خاوەن بەرژەوەندی بزانن و بۆ وەدیهێنانی دیمۆکراسی لە ئیران تێبکۆشن کە واتای ئەمە بریتییە لە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، بە بڕوای من ئەوان دەبێت ئەوە بزانن، بە نەتەوەی کوردیشەوە، داهاتووی ئەوان لە گرەوی گۆڕینی ڕژیم و تێپەڕین بەرەو دیمۆکراسییە".



راشیدەگەیەنێت بزوتنەوەی خەڵکی کورد بزوتنەوەیەکی ڕێكخراو و بەحیزبی ترە و کاری حیزبی و کاری ڕێکخراوەی سیاسی لە دەیان ساڵ لەمەوبەرەوە لە کوردستان پێشینەی هەیە و سەرەڕای هەمو زیان و کەم و کوڕییەکانییەوە، بە خەسار و دەستگیری و ئێعدام و سێدارە و تاراوگەنشین کردنیشەوە.



ئەو وتی " نابێت زۆر بڕوامان بەوە بێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەرگیز وت و وێژ ناکات. ئێمە دەزانین کە لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق و دوای شەڕیش، پاش خولقانی گەلێک وێرانی گەورە کە بۆ خەڵک و کۆمەڵگای ئێران هاتنە ئاراوە، پاش زەرەر و زیانێکی زۆری ئابووری و مرۆیی و هەموو ئەمانە دواجار لە شوێنێک کۆماری ئیسلامی ناچار بوو وت و وێژ بکات و یان ڕێکەوتننامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان قبووڵ بکات، کاتێکی نەگونجاو ئەو وت و وێژەی کرد، کاتێک کە هیچ بژاردەیەکی دیکەی بۆ نەمابوویەوە، بەڵام سەرەنجام ئەم کارەی کرد".



لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکا ڕوو بدات، پێتان وایە ئەم شەڕە چ جیاوازییەکی لەگەڵ شەڕی نێوان ئێران و عێراق دەبێت؟ ئەو وتی " پێشبینی ئەم شتانە زۆر کارێکی زەحمەتە، بەڵام ئەوەی کە لەم دۆخەی ئێستاوە دیارە ئەمەیە کە ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک و تەنانەت ئەگەر ئێرانیش لە ئەنجامی عەمەلیاتە هەڵخرێنەرانەکانی بەردەوام بێت و تەنانەت ڕووەو ئەمریکاییەکانیش ئەنجامی بدات و ڕاستەوخۆ هێرش بکات، پێم وانییە دەوڵەتی ئەمریکا هیچ بەرنامەیەکی بۆ داگیرکردنی خاکی ئێرانی هەبێت، بەو مانایە سەرباز بنێرێت و خاکی ئێران داگیر بکات. ئەم شتان بە هیچ شێوەیەک لە ئارادا نییە و پێ ناچێت وەها بەرنامەیەکی هەبێت و پلانی ئەمریکاش بۆ ئەوە نییە و کۆمەڵگای ئەمریکاییش خوازیاری نین، دەوڵەتی ترامپیش خوازیاری وەها شتێک نییە."


راشیدەگەیەنێت ئەگەر ئێران لە پەرە پێدان و بەردەوامی ئەم جۆرە کارە تێکدەرانە و هەڵخرێنەرانەی بەردەوام بێت بیگەیێنێتە ئاستێک و ئەمریکاییەکان بکاتە ئامانج و گیانی پێرسۆنێلە سەربازی و مەدەنییەکانی ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە گورزی قورسی جەرگبڕی لێ دەدرێت، بەڵام بەو شێوەیەی کە ئینلگیزییەکان پێی دەڵێن؛ «پۆستاڵی سەربازە ئەمریکاییەکان ناچنە سەر خاکی ئێران»، بە ئەگەری زۆرەوە هێرش و گورزەکان لە ڕێگەی هێزی دەریایی و ئاسمانی و تێکنۆلۆژییە ئەمریکاییەکانەوە لە ئێران دەوەشێنرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×