ئاسایشی گەرمیان لەسەر ناردنی نامەیەکی فەیسبوک بەڕێوبەری ئاوی مەیدان دەستگیر دەکات
  2021-09-18       1061       
لەسەر ناردنی نامەیەک بۆ پەیجی ئاسایشی گەرمیان، ھاوڵاتیەک کە بەڕێوبەری ئاوی ناحیەی مەیدانە، لەلایەن بەرپرسی ئاسایشی ناحیەکەوە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت و بەوھۆیەوە دەستگیر دەکرێت.

ئاوێنە: بە پێی زانیاریەکان، سەفا فایەق عەلی، کە بەڕێوبەری ئاوی ناحیەی مەیدانە لە گەرمیان، لە ماوەیەی رابردودا لەسەر کێشەیەکی زەویوزارەکانیان نامەیەکی بۆ پەیجی ئاسایشی گەرمیان لە فەیسبوک ناردوە، تیایدا باسی لەوەکردوە بنکەی ئاسایشی مەیدان ھەستاوە بە ناردنی ھێز بۆسەر ئەنجومەنی ناحیەی مەیدان بۆ ئەوەی ئیمزا بکات لەسەر کۆنوسێکی تایبەت بە دەرکردنی بەشێکی زۆر لە جوتیارەکانی سنورەکە، وەکو یەکێک لە خاوەن زەویەکانیش، داوا دەکات کە ئاسایشی گەرمیان بەدواداچون بکات لەو روەوە.

هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراوەتەوە، پاش ئەو نامەیە، بەرپرسی ئاسایشی مەیدان سکاڵا لەسەر سەفا فایەقی بەڕێوبەری ئاو تۆمار دەکات و دادوەریش فەرمانی راگرتنی داوە و چەند رۆژێکە لە گرتوخانە بەندە.

لایخۆشیەوە بەرپرسی ئاسایشی مەیدان، ساڵح مستەفا، بە دەنگی ڕاگەیاندووە، ئەو ھەواڵەی کە ئەو کەسە ناردبوی بۆ پەیجی ئاسایش ناڕاست بوە و من ھێزم نەناردوەتە سەر کەس، بۆیە پێم وت کە نامەکە بسڕێتەوە، بەڵام ئەو نەیسڕیەوە، بۆیە منیش بەتۆمەتی ناوزڕاندن سکاڵام لەسەر تۆمار کرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×