2021-09-19   836     
ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا کارگەی ئاردی سلێمانی لە سنوری بازیان دەکرێتەوە کە هەزار ھەلی کار دەڕەخسێنێت و کارگەکە گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لەو رێگەیەوە گەنمی ناوخۆی جوتیاران ساغ دەکرێتەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی بەئامادەبونی هەریەکە لە وەزیرانی دارایی و ئابوری، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كارگەی بەرھەمھێنانی ئارد لە سنوری بازیان دەکاتەوە، كە لەچوارچێوەی پڕۆژەی نیشتمانی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیانە.
کارگەکە، گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لەو رێگەیەوە گەنمی ناوخۆی جوتیاران ساغ دەکرێتەوە، ئەوەش پێداویستی ھاوردەکردنی ئارد لە وڵاتانی دراوسێوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
پرۆژەکەی کارگەی ئاردی سلێمانی یەکێکە لەو 13 کارگەیەی کە دەکرێنەوە و لە رێگەیەوە ھەزاران ھەلی کار دابین دەکرێن و خەرجی رۆژانەی ھاوڵاتیانیش کەم دەکاتەوە.