حاكم قادر: خەڵک لەو بێباکیەی حکومەت بێدەنگ نابێت کە گوێ لە داواکارییەکانی نەگرێت
  2021-09-19       484       

حاکم قادر حەمەجان، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسیی و به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند نابێت حزبەکان چیتر تەنها لە هەڵبژاردندا خەڵکیان بیربکەوێتەوە، خەڵکیش لەو بێباکیەی حکومەت بێدەنگ نابێت کە گوێ لە داواکارییەکانی نەگرێت.

ئاوێنه‌: ‎حاكم قادر به‌شداریی له خولێکی تایبەت بە ژمێریای و کارگێڕی و ئامار کرد کە بۆ ژمارەیەك لە خوێندکاران و گەنجان و لاوان و دەرچوانی ئەو بەشە کرابوەوە و ناوبراو وتی " پێویستە دەستی سەرمایەدارانی نیشتیمانی واڵا بکرێت تا بتوانن لە کەرتی تایبەت هەلیکار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بکرێتەوە و حکومەتیش بە گوێرەی پێویست دەست بە دامەزراندن بکاتەوە، چونکە دۆخی ئابوری هەرێم لە ئێستادا ڕوو لە بوژانەوەیە و پێویستە دەرفەت بە عەقڵی نوێ بدرێت کاربکات و بێنە پێشەوە."

حاکم قادر ڕاشیگەیاند "خەڵک لەو بێباکیەی حکومەت بێدەنگ نابێت کە گوێ لە داواکارییەکانی هاوڵاتیان نەگرێت و خزمەتگوزاریان پێشکەش نەکات، دەشبێت ھەمیشە لە خزمەتی خەڵدا بین، نەك تەنیا كاتی ھەڵبژاردنەكاندا ئەوانمان بیربکەوێتەوە و پێویستە چاکسازی ڕاستەقینە بە كردار بکرێت نەك بە قسە".

جەختیشیکردەوە کە پێویستە هەوڵەکان چڕبکرێتەوە تا ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم بسازێنرێت ئەویش بەوەی بە بەهێزی بچینە بەغدا و لەوێ داكۆكی لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین لە ڕووی دەستوری و یاساییەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×